رووداو دیجیتاڵ
رێچارد بڵومێنتال، سیناتۆری دیموکرات لە ویلایەتی کنێکتیکەت، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە لیژنەی هێزە چەکدارەکانی سێنات (ئەنجوومەنی پیران)، هۆشداری دا کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەرەو رەوانەکردنی هێزی وشکانی بۆ ناو خاکی ئێران دەچێت.
رۆژی سێشەممە 10-03-2026 [چوارشەممە بە کاتی هەولێر]، بڵومێنتال دوای کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەمە "خراپترین و بێزارکەرترین" کۆبوونەوە بووە کە لە ماوەی 15 ساڵی کارکردنی لە سێناتدا بینیبێتی. سیناتۆرەکە گوتی: "پێناچێت تەنیا لە ئاسمانەوە بمێنینەوە؛ وا دیارە ئێمە لەسەر رێگەیەکین بۆ بڵاوکردنەوەی سەربازی ئەمریکی لەسەر زەوی لە ناو ئێراندا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان."
بلومێنتال رەخنەی تووندی گرت لەوەی، ئیدارەی ترەمپ وەڵامی پرسیارە جدییەکانیان ناداتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە تێچووی دارایی جەنگ و ئامانجە کۆتاییەکان کە بەردەوام لە گۆڕانکاریدان؛ لە رێگریکردن لە چەکی ئەتۆمییەوە بۆ گۆڕینی رژێم.
سیناتۆرە دیموکراتەکە هۆشدارییەکی مەترسیداری دا و رایگەیاند، بەڵگەکان نیشانی دەدەن رووسیا "بە شێوەیەکی چالاک و چڕ" لە رێگەی زانیاریی هەواڵگرییەوە هاوکاریی ئێران دەکات تاوەکو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بپێکێت. بڵومێنتال گوتی: "رووسیا هاوکاریی دووژمنمان دەکات و ئەگەری زۆرە چینیش بەشدار بێت. گەلی ئەمریکا مافی خۆیەتی بزانێت کوڕ و کچەکانیان لە ناو سوپادا رووبەڕووی چ مەترسییەک دەبنەوە لەم جەنگەدا کە سەرۆک ترەمپ خۆی هەڵیبژاردووە نەک گەلی ئەمریکا."
ئەم قسانەی بڵومێنتال لە کاتێکدایە کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا، پێشتر گوتبووی پوتین خۆی بە ترەمپی گوتووە کە هیچ زانیارییەک نادەنە تاران.
لە دەستپێکی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوبات، گرژییەکان گەیشتوونەتە لووتکە. بەگوێرەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا؛ 8 سەربازی ئەمریکی کوژراون. 140 سەرباز برینداربوون. 8 سەربازی دیکەش برینەکەیان زۆر سەختە.
دۆناڵد ترەمپ تاوەکو ئێستا بژاردەی ناردنی هێزی وشکانی رەتنەکردووەتەوە و پێشتر گوتبووی "ئەگەر پێویست بکات" ئەو هەنگاوە دەنێت. ئەم ئەگەرە بووەتە جێگەی دڵەڕاوکێی زۆر لە ناو کۆنگرێس و دیموکراتەکان هەڕەشە دەکەن کە پڕۆسەی یاسادانان لە وڵاتدا پەک دەخەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ