رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا، زنجیرە چێشتخانەی ئەمریکی کەی ئێف سی (KFC) کەوتووەتە ململانێیەکی یاساییەوە لەگەڵ خواردنگەیەکی زنجیرەیی کە خاوەنەکەی کوردە.
کەی ئێف سی کە لە سەرتاسەری جیهان دا ژەمەخۆراکییە خێراکان دەفرۆشێت، لەم ماوەیە دا دەیەوێت لە ئەڵمانیا ژەمێکی نوێ بفرۆشێت کە ناوی (کریسپی کەباب - Crispy Kebab)ـە. لە بەرامبەردا، بە هەمان ناو زنجیرە چێشتخانەیەک هەیە کە 17 لقی لە سەرتاسەری ئەڵمانیا دا هەیە و ناوی 'کریسپی کەباب'ـە.
سەرگەن کۆڵجوو، خاوەنی کریسپی کەباب دەڵێت، ئەوەی کەی ئێف سی کردوویەتی، پێشێلکردنی مافە یاساییەکانی خواردنگە زنجیرەییەکەیەتی، کە ساڵانی زۆرە لە ئەڵمانیا وەکو مارکەیەک بەو ناوە تۆمار کراوە. ناوبراو لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە دەیەوێت سکاڵا لەسەر کۆمپانیا ئەمریکییەکە تۆمار بکات.
پارێزەرێکی بێلایەنی ئەڵمانی لەسەر ئەم کەیسە دەڵێت: "راستە کەی ئێف سی کۆمپانیایەکی گەورەیە و کریسپی کەباب لەچاو ئەوان بچووکە، بەڵام ئەوەی لەسەر هەقە کریسپی کەبابە."
لەلایەکی دیکەوە، کەی ئێف سی رەتی دەکاتەوە ئەمە راست بێت و لە راگەیێندراوێکی نووسراودا دەڵێت، ژەمی کریسپی کەبابەکەی ئەوان لە سەرتاسەری ئەورووپا هەیە و تەنیا لە ئەڵمانیا نییە، بۆیە کۆپیکردنی ناوی ئەو مارکەیە نییە کە خاوەنەکەی کوردە. هاوکات کۆمپانیاکە دەڵێت، ئامادەن لەگەڵ خاوەنی چێشتخانەکە دا بکەونە گفتوگۆوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ