رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی پاکستان دەڵێ، شاندی ئەمریکا و ئێران بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پاکستان کۆدەبنەوە و ئەگەر کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون، ئەو کاتە دەکرێ رۆژی یەکشەممە رووبەڕوو دانوستاندن بکەن. میدیای ئێرانیش دەڵێ، شاندی وڵاتەکەی پلانی نییە لایەنی ئەمریکی ببینێت.
رۆژی هەینی 24-4-2026 بەرپرسێکی باڵای پاکستان بە کەناڵی (ئەی بی سی نیووز)ی ئەمریکای راگەیاند، شاندەکەی ئەمریکا و شاندەکەی ئێران بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی پاکستان کۆدەبنەوە.
بەرپرسەکەی پاکستان گوتی، ئەگەر کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و ئەنجامەکەیان باش بوو، ئەو کاتە شاندەکانی هەردوولا رۆژی یەکشەممە رووبەڕوو کۆدەبنەوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، شاندەکەی ئێران ئەمشەو گەیشتن و پێشبینی کرد شاندەکەی ئەمریکاش ئێوارەی رۆژی هەینی بە کاتی ئیسلامئاباد بگات.
بەڵام تەلەڤزیۆنی ئێران رۆژی هەینی بڵاویکردەوە، شاندی حکومەتی وڵاتەکەی پلانی نییە لەگەڵ شاندی ئەمریکی کۆببێتەوە، بەڵکو لە رێگەی نێوەندگیرانی پاکستانییەوە تێبینییەکان دەگەیێنێتە لایەنی ئەمریکی.
ئەمشەو وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە ئیسلامئاباد.
شاندەکە لە لایەن محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران؛ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان و ژمارەیەک لە بەرپرسی دیکە پێشوازی لێکرا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "شاندەکەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پاکستان گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتە هەرێمییەکان و هەوڵە بەردەوامەکانی تایبەت بە سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی دەکەن".
هاوکات باڵیۆزخانەی ئێران لە پۆستێكدا لە تویتەر بڵاویکردەوە، عێراقچی گەیشتووەتە ئیسلامئاباد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پاکستان باسی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پێشهاتە هەرێمییەکان دەکات.
لە لایەکی دیکەوە کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئەمڕۆ هەینی لە واشنتن دی سی بە پەیامنێرانی راگەیاند، سبەی شاندێکی ئەمریکا بەرەو ئیسلامئاباد بەڕێ دەکەوێ.
لیڤیت گوتی، شاندەکە لە ستیف ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جارید کوشنەر، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ پێکدێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ