جەی دی ڤانس ناچێتە پاکستان؛ هۆکارەکە ئەوەیە قالیباف بەشداری لە دانوستاندنەکان ناکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو بەرپرسی ئیدارەی ئەمریکا دەڵێن، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری داوە ستیڤ ویتکۆف و جارد کوشنەر بنێرێتە پاکستان بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران. 
 
ئەو دوو بەرپرسە بە (سی ئێن ئێن) یان گوت، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پلانی نییە بەشداری لە دانوستاندنەکانی چەند رۆژی داهاتوودا بکات، بەو پێیەی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەشدار نابێت. 
 
بەرپرسانی کۆشکی سپی قالیباف وەک سەرۆکی شاندی ئێران و هاوتای ڤانس دەبینن و هەربۆیە بەشدارینەکردنی قالیباف وا دەکات ڤانسیش نەچێتە ئیسلامئاباد. 
 
لەگەڵ ئەوەشدا، جێگری دۆناڵد ترەمپ ئامادە دەبێت بۆ بچێتە ئیسلامئاباد ئەگەر گفتوگۆکان پێشکەوتنیان بەدەستهێنا، هەروەها ئەندامانی ستافەکەی لە پاکستان دەبن و بەشداری لە دانوستانەکاندا دەکەن. 
 
کوشنەر و ویتکۆف لە دانوستاندنەکانی پێش جەنگدا لەگەڵ عێراقچی لە گفتوگۆکاندا بەشداریان دەکرد. 
 
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، میدیای فەرمیی ئێران ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمشەو بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەشتێکی ناوچەکە دەستپێدەکات و یەکەمین وێستگەی سەردانەکەشی ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەبێت.
 
ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گەشتێک بۆ دەرەوەی وڵات دەستپێدەکات و لەو چوارچێوەیەدا سەردانی پاکستان، عومان و رووسیا دەکات.
 
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، عەباس عێراقچی ئەمشەو لە یەکەمین وێستگەی سەردانیدا دەگاتە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان و دواتر سەردانی هەریەکە لە مەسقەت و مۆسکۆ دەکات.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە