ئەمریکا دەیەوێ ئەندامێتیی ئیسپانیا لە ناتۆ سڕبکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رۆژی هەینی ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی "ئەندامێکی متمانەپێکراو"ی هاوپەیمانیی ناتۆیە. ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک هات کە گوایە ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە ئەندامێتیی ئیسپانیا لە هاوپەیمانییەکە سڕبکات، بەهۆی ئەوەی رەتیکردەوە پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران بکات.
 
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ناونەهێنراوی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، پێنتاگۆن لە ئیمەیڵێکدا باسی لە بژاردەی سڕکردن کردووە وەک سزایەک بۆ ئەو هاوپەیمانانەی ناتۆ کە خۆیان لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بەدوورگرت.
 
سانچێز لە سەردانەکەیدا بۆ قوبرس بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی یەکێتیی ئەورووپا، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئیسپانیا ئەندامێکی متمانەپێکراوە لەنێو ناتۆدا و سەرجەم ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات. لەبەر ئەوە، من بە هیچ شێوەیەک نیگەران نیم."
 
سەرکردە سۆسیالیستەکەی ئیسپانیا گوتی: "ئێمە لەسەر بنەمای ئیمەیڵ کارناکەین، بەڵکو لەسەر بنەمای بەڵگەنامە فەرمییەکان و ئەو هەڵوێستەی حکومەتی ئەمریکا لەم دۆسیەیە خستوویەتەڕوو، کار دەکەین." 
 
لە پەیماننامەی ناتۆدا هیچ بڕگەیەک نییە کە رێگە بە سڕکردن یان دەرکردنی هیچ ئەندامێکی ئەو هاوپەیمانییە سەربازییە بدات.
 
تووڕەیی ترەمپ لە ئەورووپا
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار هێرشی تووندی کردووەتە سەر ئەندامانی ناتۆ بەهۆی ئەوەی رەتیان کردووەتەوە بەشداری لە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەن و بە "ناپاک" ناوی بردوون.
 هەندێک لەو وڵاتانە، وەک فەرەنسا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا، رێگەیان نەداوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ جەنگەکە بە ئاسمانی وڵاتەکانیاندا تێپەڕن یان بنکەکانیان بەکاربهێنن.
 
هەروەها ترەمپ هەوڵیدا ئەو وڵاتانە رازی بکات کەشتیی جەنگی بنێرنە تەنگەی هورمز، بەڵام بێسوود بوو.
 
چاوەڕوانییەکەی واشنتن بۆ ئەوەی هاوپەیمانەکانی بێ هیچ پرسیارێک خاک و بنکەکانیان بخەنە خزمەتی ئەمریکاوە، گرژییەکانی نێو ناتۆی زیاتر کرد تا ئەو رادەیەی ترەمپ ناتۆی بە "پڵنگی کارتۆنی" ناوبرد. لە بەرامبەردا، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە قوبرس گوتی: "دەبێت ناتۆ بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە. پێموایە ئەوە سەرچاوەی هێزە."
 
مێژووی ناکۆکییەکانی سانچێز و ترەمپ
 
سانچێز گوتی، هەڵوێستی حکومەتەکەی "هاوکاریی رەهایە لەگەڵ هاوپەیمانەکان، بەڵام هەمیشە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا."
 
لەو کاتەوە ترەمپ لە کانوونی دووەمی 2025 گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، سانچێز چەندجارێک بووەتە ئامانجی رەخنەکانی سەرۆکی ئەمریکا. 
 
ساڵی رابردوو، سانچێز رەتیکردەوە خەرجییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ 5%ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی بەرز بکاتەوە، وەک ئەوەی ترەمپ داوای دەکرد.
 
هەروەها سانچێز سەرکۆنەی دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکای لە ڤەنزوێلا کرد لە 3ی کانوونی دووەم و رەخنەگرێکی تووندی ئیسرائیلە.
 
بڕیارە لووتکەی داهاتووی ناتۆ لە 7 بۆ 8ی تەممووز لە تورکیا بەڕێوەبچێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە