وەزارەتی جەنگی ئەمریکا: دەستمان بەسەر کەشتییەکی دیکەدا گرت

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری دیکەی راگەیاند کە دەگوترێت پەیوەندیی بە قاچاخبردنی نەوتی ئێرانەوە هەبووە. ئەوەش تەنیا رۆژێک دوای ئەوە هات کە سوپای پاسدارانی ئێران دوو کەشتیی لە تەنگەی هورمز دەستبەسەر کردبوو.
 
رۆژی پێنجشەممە 23ی نیسانی 2026، پێنتاگۆن گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لەسەر کەشتیی نەوتهەڵگری (Majestic X) لەناو زەریای هیندیدا بوون. پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی یاسا دەریاییەکان لە سەرانسەری جیهان بۆ تێکدانی تۆڕە نایاساییەکان و رێگری لەو کەشتییانەی هاوکاریی ماددی پێشکەشی ئێران دەکەن."
 
بەپێی زانیارییەکانی چاودێریی کەشتیوانی، ئەو کەشتییە کە بە ئاڵای گینیاوە دەڕۆیشت و بەرەو بەندەری ژۆوشان لە چین بەڕێوەبوو، لە ناوچەی نێوان سریلانکا و ئەندۆنیزیا دەستی بەسەردا گیراوە. 
 
کەشتیی (Majestic X) کە پێشتر ناوی (Phonix) بوو، لە ساڵی 2024ەوە لە لایەن وەزارەتی دارایی ئەمریکاوە بەهۆی پێشێلکردنی سزاکان و بە قاچاخبردنی نەوتی خاوی ئێران، خرابووە لیستی رەشەوە.
 
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستەکەی درێژکردوەتەوە، بەڵام گەمارۆ دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێرانی وەک خۆی هێشتووەتەوە. 
 
رۆژی سێشەممە ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی ئێرانیدا گرت لە زەریای هیندی. رۆژێک دواتر، ئێران دەستی بەسەر دوو کەشتییدا گرت. 
 
ئەم گرژیانە گواستنەوەی وزە و کاڵای لە تەنگەی هورمزەوە پەکخستووە کە لە کاتی ئاشتیدا 20٪ی نەوتی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبوو.
 
لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەم جەنگە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار؛ نرخی نەوتی خاوی برێنت بەربەستی 100 دۆلاری تێپەڕاندووە، کە ئەمەش بە رێژەی 35٪ بەرزترە لە کاتی پێش جەنگ. 
 
پێرێ، دان جۆرگێنسن، کۆمیساری وزەی یەکێتیی ئەورووپا هۆشداری دا لە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەم قەیرانە لەسەر بەکاربەران و کۆمپانیاکان و رایگەیاند، پەککەوتنی بازرگانی رۆژانە نزیکەی 500 ملیۆن یۆرۆ (600 ملیۆن دۆلار) زیان بە ئەورووپا دەگەیێنێت، ئەمەش گوشارێکی زۆری ئابووری بۆ سەر کیشوەرەکە دروست کردووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆشکی سپی

ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە شاندی لوبنان و ئیسرائیل دەکات

بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل دەکات بۆ دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستاندنە رووبەڕووەکان بە مەبەستی درێژکردنەوەی ئاگربەست و دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان لە لوبنان.