جیهان
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران [نێوەڕاست] محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان [لای راست] و غوڵامحوسێن موحسینی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران
رووداو دیجیتاڵ
هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی ئێران لە پەیامێکدا وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان دەدەنەوە و دەڵێن، لە نێو بەرپرسانی ئێراندا هیچ جیاوازی و ناکۆکییەک نییە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران؛ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و غوڵامحوسێن موحسینی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران شەوی پێنجشەممە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و وەڵامی سەرۆکی ئەمریکایان دایەوە، کە گوتبووی، لە نێو بەرپرسانی ئێراندا سەبارەت بە بەردەوامیی دانوستاندنەکان ناکۆکی هەیە.
لە پەیامەکەدا هاتووە: "لە ئێراندا تووندڕەو و میانڕەو بوونی نییە؛ هەموومان ئێرانی و شۆڕشگێڕین. بە یەکگرتوویی پۆڵایینی گەل و حکومەت و بە پەیڕەویکردنی تەواو لە رێبەری باڵای شۆڕش، دەستدرێژکاری تاوانبار پەشیمان دەکەینەوە."
سەرۆکی هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئێران لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیاندا جەختیان لە یەکڕیزیی نێوخۆیی کردووەتەوە و نووسیویانە: "یەک خودا، یەک رێبەر، یەک گەل و یەک رێگە؛ ئەویش رێگەی سەرکەوتنی ئێرانی ئازیزتر لە گیانمانە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ترۆس سۆشیال بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بە هەبوونی دوو جەمسەری جیاواز لە نێو دەسەڵاتی ئێراندا دەکات. لەسەر گرتە ڤیدیۆیەکە پەیامێکیش نووسراوە کە دەڵێت: "ئەگەر لە ئێراندا دوو باڵ هەبن – یەکێکیان رێککەوتنی بوێت و ئەوەی دیکە نەیەوێت - با ئەوانە بکوژین، کە رێککەوتنیان ناوێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ