رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادای ئەمریکا رایدەگەیێنێت، سەربازێکی سوپای وڵاتەکەیان تۆمەتبارە بەوەی زانیاریی نهێنیی سەربازیی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی لە رێگەی ماڵپەڕەکانی گرەوکردنەوە بڕێکی زۆر پارە قازانج بکات.
ئەو سەربازە گرەوی لەسەر سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشوی ڤەنزوێلا کردووە. ژمارەیەک بەرپرسی دیموکراتەکانیش ئەم دۆسیەیە وەکو رێگەیەک بۆ هێرشکردنەسەر کۆشکی سپی بەکاردەهێنن و دەڵێن، لە جەنگی ئێرانیشدا هەمان کار کراوە.
سەربازەکە ناوی گانۆن کین ڤان دایک، تەمەن 38 ساڵە، زیاتر لە 400 هەزار دۆلاری لە رێگەی پلاتفۆرمی "پۆڵیمارکێت" بردووەتەوە.
ڤان دایک خۆی بەشدار بووە لە پلاندانان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی هێرشکردنە سەر کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا لە 3ی کانوونی دووەمی رابردوو، کە تێیدا مادورۆ و هاوژینەکەی دەستگیرکران و رەوانەی نیویۆرک کران.
تۆد بلانچ، جێگری داواکاری گشتیی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "متمانە بە سەربازەکانمان کراوە تاوەکو زانیاریی نهێنی بپارێزن، نەک بۆ ئەوەی بۆ قازانجی دارایی کەسی بەکاریبهێنن." ڤان دایک ئەگەر بە هەموو تۆمەتەکان تاوانبار بکرێت، رووبەڕووی سزای 50 ساڵ زیندانی دەبێتەوە.
بازاڕەکانی پێشبینی و جەنگی ئێران
پێشتریش لە سەرەتای ئەم ساڵدا شەش هەژماری دیکە لە هەمان ماڵپەڕ بڕی 1.2 ملیۆن دۆلاریان بردەوە دوای ئەوەی گرەویان کردبوو کە ئەمریکا لە 28ی شوبات هێرش دەکاتە سەر ئێران.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا یان بەرپرسانی کۆشکی سپی دەستیان لەم کارانەدا هەبێت، بەڵام ترهمپ رۆژی پێنجشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "بەداخەوە هەموو جیهان بووەتە جۆرێک لە گازینۆ، لە ئەورووپا و هەموو شوێنێک خەڵک خەریکی ئەم گرەوکردنانەن."
گوشارە سیاسییەکان
دیموکراتەکان و رەخنەگرانی ترهمپ ئیدارەکەی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە بەرژەوەندیی خێزانیی خۆیان سوود لە دەسەڵات وەردەگرن. بێرنی ساندەرزی سیناتۆر رایگەیاند، بنەماڵەی ترهمپ چوار ملیار دۆلاریان لە رێگەی پۆستی سەرۆکایەتی پەیدا کردووە، ئەمەشی بە "دزییەکی بێوێنە" وەسفکرد.
جۆنیۆر دۆناڵد ترهمپ، کوڕی سەرۆکی ئەمریکا، وەبەرهێنەر و راوێژکارە لە ماڵپەڕی "پۆڵیمارکێت". هەروەها لە مانگی ئاداردا، دوای پۆستێکی ترهمپ لەسەر گفتوگۆکانی ئێران، بازاڕەکانی نەوت و پشکەکان شڵەژان و ژمارەیەک بازرگان کە پێشتر گرێبەستیان واژۆ کردبوو، دەیان ملیۆن دۆلاریان دەستکەوت.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئیدارەی ترهمپ تاوەکو رێکاری تووندتر بگرێتەبەر بۆ رێگری لە دزەپێکردنی زانیارییەکان و بەکارهێنانیان بۆ قازانجی دارایی لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ