ئوسترالیا سۆشیال میدیا لە منداڵان قەدەخە دەکات؛ مێتا و سناپچات ئامادەکاری بۆ دەکەن

24-11-2025
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق @SahiraSdiq
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت وردە وردە خۆیان لەگەڵ سیاسەتی وڵاتان بگونجێنن. ئوسترالیا بڕیاریی داوە سۆشیال میدیا لە بەکارهێنەرانی خوار 16 ساڵ قەدەخە بکات و دوای مێتا، سناپچاتیش دەستی بە جێبەجێکردنی کردووە.
 
حکومەتی ئوسترالیا بڕیاری قەدەخەکردنی سۆشیال میدیا لە بەکارهێنەرانی خوار 16 ساڵ بە "زۆر گونجاو" ناودەبات و دەڵێ، پێشوازییەکی فراوانی لەلایەن دایک و باوکانەوە لێکراوە.
 
گوتەبێژێکی کۆمپانیای سناپچات لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە رایگەیاند، ئەپڵیکەیشنەکە لە ئوسترالیا دەستی بە پشکنینی تەمەنی بەکارهێنەرە مێرمنداڵەکانی کردووە؛ ئەمەش چەند هەفتەیەک پێش جێبەجێکردنی یاسای قەدەخەکردنی سۆشیال میدیا دێت بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 16 ساڵە.
 
یاسای قەدەخەکردنەکە لە ئوسترالیا لە 10ـی کانوونی یەکەمەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و جگە لە بەرهەمەکانی مێتا و سناپچات ژمارەیەک پلاتفۆرمی دیکەش دەگرێتەوە، لەوانە تیکتۆک، یوتیووب، رێدیت و ئێکس. هەروەها هەر پلاتفۆڕمێک پابەند نەبێت بە بڕیارەکەوە رووبەڕووی سزای دارایی قورس دەبنەوە.
 
کۆمپانیای سناپچات، ئەمڕۆ دووشەممە (24ـی تشرینی دووەمی 2025) روونکردنەوەی دا و رایگەیاند: "لەم هەفتەیەوە، داوا لە ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەران دەکرێت تەمەنیان دیاری بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە بەکارهێنانی سناپچات".
 
بەکارهێنەران دەتوانن لەڕێگەی هەژماری بانکیی ئوسترالی، ناسنامەی حکومی، گرتنی وێنەی رووخسار یان تەمەنیان بسەلمێنن، کە دواتر لەلایەن لایەنی سێیەمەوە خەمڵاندنی تەمەن بۆ وێنەکان دەکرێت.
 
هاوشێوەی پلاتفۆرمەکانی دیکە، سناپچات ئامۆژگاریی بەکارهێنەرە مێرمنداڵەکانی کردووە بەزووترین کات داتاکانیان دابەزێنن، چونکە رەنگە دوای جێبەجێکردنی قەدەخەکە، ئەنجامدانی ئەو کارە "ئەستەم" بێت.
 
سناپچات دژایەتیی تووندی خۆی بۆ خستنەلیستی قەدەخەکەی ئوسترالیا دەربڕیوە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە پابەند دەبێت، هەروەک چۆن "پابەندە بە هەموو یاسا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتانەی کاریان تێدا دەکات".
 
بە گوێرەی یاساکەی ئوسترالیا هەر پلاتفۆرمێکی سۆشیاڵ میدیا ئەگەر هەنگاوی گونجاو نەنێت بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنەرانی خوار 16 ساڵ، رووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە کە رەنگە بگاتە 50 ملیۆن دۆلاری ئوسترالی.
 
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە سەرەتای ئەم ساڵ لەلایەن حکومەتی ئوسترالیا کراوە دەریدەخات، 96%ـی منداڵانی بەکارهێنەری 10-15 ساڵ، بەرکەوتەیان لەگەڵ نێوەڕۆک و رەفتاری زیانبەخشدا هەبووە. ئەم رەفتارانە لە بابەتی دژایەتیکردنی ژنانەوە دەستی پێدەکرد تاوەکو دەگەیشتە ڤیدیۆی شەڕ و ناوەڕۆکی شەڕ و خۆکوشتن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە چین 70 هەزار قاوەخانە هەن.

چین؛ خواردنەوەی قاوە 150٪ زیادی کردووە

کولتووری قاوەخواردنەوە لە چین گەشەی سەندووە؛ گەنجان وردە وردە روو لە قاوەخانەکان دەکەن و وڵاتەکە 70 هەزار قاوەخانەی تێدایە.