ئیدارەی ترەمپ سکاڵای یاسایی لەسەر ویلایەتی نیوجێرزی تۆمار دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دادی ئەمریکا سکاڵایەکی یاسایی دژی ویلایەتی نیوجێرزی و حاکمەکەی تۆمار کرد، ئەوەش بەهۆی دەرکردنی بڕیارێک کە سنوور بۆ دەسەڵاتی بریکارە فیدراڵییەکانی کۆچبەران دادەنێت.
 
مایکی شێریل، حاکمی نیوجێرزی کە لە پارتی دیموکراتە، لەم مانگەدا بڕیارێکی دەرکردووە و تێیدا رێگری دەکات لە ئەفسەرانی کۆچبەران دەکات بچنە نێو ئەو دامەزراوە و موڵکانەی سەر بە ویلایەتەکەن و بۆ خەڵک کراوە نین، مەگەر ئەوەی فەرمانی دادوەریان پێبێت. 
 
پام بۆندی، داواکاری گشتیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بریکارە فیدراڵییەکان ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی نیوجێرزی، کەچی سەرکردەکانی ئەو ویلایەتە سیاسەتێک پەیڕەو دەکەن، کە ئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنی یاسا دروست دەکات و مەترسی دەخاتە سەر ژیانی هێزە ئەمنییەکان."
 
داواکاری گشتیی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە "سیاسەتەکانی نیوجێرزی بۆ پاراستنی کۆچبەران جێگیر نابن و ویلایەتەکان بۆیان نییە بە مەبەست رێگری لە هەوڵەکانی ئێمە بۆ دەرکردنی کۆچبەرە نایاساییەکان و دەستگیرکردنی تاوانباران بکەن."
 
لە بەرامبەردا، مایکی شێریل، حاکمی نوێی نیوجێرزی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی دایەوە و رایگەیاند، پێویستە حکومەتی فیدراڵی سەرنجی بخاتە سەر مەشق و راهێنانی بریکارەکانی کۆچبەران "بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی باشتر و سەلامەتتر کارەکانیان بکەن."
 
ئەم کێشە یاساییەی نێوان حکومەتی ناوەندی و ویلایەتی نیوجێرسی لەکاتێکدایە، هەڵمەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەرکردنی بەکۆمەڵی کۆچبەران لە ژێر چاودێرییەکی تووندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە؛ بەتایبەت دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو، دوو هاووڵاتیی ئەمریکی لە مینیاپڵس بە تەقەی بریکارە فیدراڵییەکانی کۆچبەران کوژران، کە ئەوەش رەخنەی توندی لێکەوتەوە و بەشێک لە بەرپرسانی پێشوو دەڵێن راهێنانی ئەو هێزانە "کەموکوڕی زۆری تێدایە."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ئەو ویلایەتانەی کە دیموکراتەکان تێیدا باڵادەستن و بەوە تۆمەتباریان دەکات، رێگری لە جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەران دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە