ئێمەی ئەندامانی هەمیشەیی کۆمیتەی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی، دوای لێکۆلینەوە لە کاری مەیدانی و بنکۆڵکاریی رۆژنامەڤانانی ژن لە ساڵی رابردوودا، بڕیارماندا خەڵاتی ساڵی 2026ـی شیفا گەردی بدەینە ئۆرلا گێرین، پەیامنێری BBC، بەهۆی کارکردنی لەسەر شەڕ و مەینەتییەکانی خەڵکی سیڤیل بەهۆی شەڕەوە، لەوانەش شەڕ لە سووریا و رۆژئاوا.
ئۆرلا گێرین، رووماڵی شەڕی کۆسۆڤۆ و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ئەورووپا، ململانێی فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان، شەڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و پێشمەرگە و شەڕڤانان دژی داعش، شەڕی ئۆکراینا، شەڕی غەززە و شەڕی سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتی کردووە. لە هەموو شەڕەکان دا ئۆرلا گێرین هەوڵیداوە ببێتە شایەتحالی گواستنەوەی راستییەکان و نیشاندانی چیرۆکە مرۆییەکان. لەبەرئەوە ئۆرلا گێرین شایەنی رێزلێگرتنێکی بەردەوامە.
ئۆرلا گێرین لەبارەی رووماڵی شەڕی دژی داعش و یادکردنەوەی شیفا گەردی دا دەڵێ "شیفا کاتێک لە ساڵانی 2016 و 2017 رووماڵی هێرشەکانی دژی رێکخراوی ناسراو بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی دەکرد، ئاگاداری مەترسییەکان بوو. ئەو هەر رۆیشت و بەرنامەیەکی رۆژانەی پێشکەش دەکرد. ئەوە چیرۆکێک بوو کە منیش رووماڵم دەکرد و دەنگدانەوەی شۆک و خەمەکەم لەبیرە کاتێک شیفا کوژرا. هەرچەندە یەکدیمان نەدیبوو، بەڵام زۆربەی کات بیرم لێدەکردەوە کاتێک بە شوێنپێی ئەودا بەرەو موسڵ دەڕۆیشتم".
بەداخەوە جیهان هێشتا زۆر مەترسیدارە بۆ کاری رۆژنامەڤانان. بەپێی ئاماری کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان CPJ لە ساڵی رابردوودا 129 رۆژنامەڤان کوژراون و 330 رۆژنامەڤانیش دەستگیرکراون. بەردەوامبوونی شەڕەکان لە جیهان دا، قبووڵنەکردنی کار و رووماڵی ئازادیی رۆژنامەڤانان وایکردووە رۆژنامەڤانان بەردەوام رووبەڕووی سەختی و مەترسییەکی زۆر ببنەوە.
شیفا گەردی، خەم و مەینەتییەکانی خەڵکی لەکاتی جەنگ دا رووماڵ دەکرد، فۆکەسی لەسەر ژیانی خەڵک بوو، لەبەرئەوەش نزیکی خەڵک بوو و خۆشەویستی خەڵک بوو. خەڵاتی شیفا گەردی لە ساڵی 2017ـەوە دروستکراوە و بەردەوام دەبێت بۆ رێزگرتن لە گیانی شیفا گەردی و بوێری و راستگۆیی رۆژنامەڤانانی ژن لە هەموو جیهان دا.
کۆمیتەی خەڵاتی شیفا گەردی
25ی شوباتی 2026
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ