رووداو دیجیتاڵ
لە کۆسۆڤۆوە بۆ یەمەن، لە موسڵەوە بۆ غەززە و ئۆکراینا؛ ئۆرلا گێرین تەنیا هەواڵی جەنگی نەگواستووەتەوە، بەڵکو بووەتە دەنگی قوربانییە بێدەنگەکان. ئەم پەیامنێرە ئایرلاندییەی بی بی سی، زیاتر لە سێ دەیەیە ژیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە بۆ ئەوەی ببێتە شایەتحاڵی راستییەکان.
براوەی ئەمساڵی خەڵاتی شیفا گەردی کێیە؟ ئەو ژنەی 30 ساڵە لەنێو دووکەڵی جەنگ و ئازاری مرۆڤەکاندا دەژی. گێرین، باوەڕی وایە رۆژنامەڤانی تەنیا گواستنەوەی ئاماری کوژراوان نییە، بەڵکو گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو دایکانەیە کە منداڵەکانیان لەدەستداوە و ئەو خێزانانەیە کە ماڵەکانیان وێران بووە.
لە ژێر ویزەی گولـلە و گرمەی تۆپباران، دەبێتە شایەتحاڵی دۆخی ئەو خەڵکە سیڤیلە کە جەنگ بەگیری هێناون. کارەکانی ئۆرلا گێرین، لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ، شێواز و مۆرکی تایبەتی خۆیان هەیە. ئەم رۆژنامەڤانە ئایرلاندییە لە نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە بۆ بی بی سی کار دەکات.
لە سێ دەیەی رابردوودا بینەرانی بردووەتە نێو هەندێک لە مەترسیدارترین جەنگ و ململانێیەکانی سەردەمەوە؛ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە تاوەکو ناوچە گەرمەکانی جەنگ لە ئەورووپا و، چیرۆکەکانی نەهامەتی خەڵکی گواستووەتەوە.
ئۆرلا گێرین، پەیامنێری نێودەوڵەتیی BBC دەڵێت، "زیاتر لە 30 ساڵ لەمەوبەر وەک رۆژنامەڤان دەستم بە کار کرد. لەوکاتەوە، لە زیاتر لە 70 وڵات رووماڵم کردووە. چەندین شۆڕش و هەوڵی کودەتام بینیوە. رووخانی رژێمە خۆسەپێنەکان و لەدایکبوونی دیموکراسیم بینیوە. هەروەها چەندین کاژێرم لە خەوتن لەسەر زەوی و لەرزین لە سەرما لە سەنگەرەکان بەسەربردووە."
یەکێک لە ئەرکە هەرە قورس و کاریگەرەکانی گێرین، رووماڵکردنی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای نەینەوا بوو لە دەستی داعش؛ جەنگێکی سەختی گوند بە گوند و دواتر نێو شاری موسڵ کە تەنیا ئەمەی دواییان نزیکەی 10 مانگی خایاند.
لەم راپۆرتەیدا، لەنێو ئەو خێزانانەدا وەستاوە کە لەنێو شارەکەدا گیریان خواردووە، گوێ لە نزایان دەگرێت بۆ بەدەستهێنانی ئازادی.
لەم ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت ئۆرلا گێرین چووەتە گوندی فازڵیە لە نزیک ناحیەی باشیک لە نەینەوا و رووماڵی شەڕی پێشمەرگە دژی داعش دەکات.
ئۆرلا گێرین، پەیامنێری نێودەوڵەتیی BBC: "لە کاتێکدا پێشمەرگە ئێستا بە نێو گوندەکەدا دەڕۆن، کۆڵان بە کۆڵان لە مەترسیی پاک دەکەنەوە. تاوەکو دێت خەڵکیش زیاتر دێنە دەرەوە. ئەوان ئێستا دەتوانن بە ئازادی قسە بکەن، بۆ یەکەمین جار لە دوای دوو ساڵ."
لە کاتێکدا پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان گوند بە گوند و شار بە شار پێشڕەوییان دەکرد، رووماڵەکانی ئەو رۆژنامەڤانە تەنیا شەڕە سەربازییەکەی پێشان نەدەدا، بەڵکو سەرنجیشی لەسەر ئەو خەڵکە سیڤیلە بوو کە لەنێو ئاگری شەڕەکەدا گیریان خواردبوو؛ لەلایەک دەترسان بجووڵێن و لەلایەکی دیکەش تامەزرۆی رزگاربوون بوون.
لە یەمەن، شوێنی خراپترین کارەساتە مرۆییەکانی چەند دەیەی رابردووی جیهان، گێرین لەو ناوچانە کاری کردووە کە لە ئەنجامی بۆردوومان، برسێتی و نەخۆشییەوە وێرانبوون.
ئۆرلا گێرین ئاماژە بەوە دەکات، "لە سەردەمێکداین دژی راستییەکان رکابەرایەتی دەکرێ.. پێویستە ئەو چیرۆکانە بگێڕیتەوە کە بینیوتن، یانیش لە چاوی شایەتحاڵەکانەوە چیرۆکەکە بگێڕیتەوە."
لە ئۆکراینا، گێرین ترسی ئەو هاووڵاتییە سیڤیلانەی رووماڵکرد کە لە دەست تۆپباران و شەڕ رایان دەکرد. لە تەنیشت ئەو کەسانەوە دەوەستا کە هێڵەکانی پێشەوەیان جێدەهێشت بۆ ئەوەی نیشانی بدات جەنگ چ چارەنووسێکی تووشی خەڵکەکە کردووە.
ئۆرلا گێرین ناچێتە بەرەکانی جەنگ بۆ ئەوەی تەنیا باسی چۆنیەتیی تەقینەوەی گولـلە تۆپ و خاپووربوونی سەنگەرەکان بکات، بەڵکو قسە لەگەڵ خەڵک دەکات؛ ئەو دایکانە دەدوێنێت کە منداڵەکانیان لەدەستداوە و گوێ لە چیرۆکی ئەوانە دەگرێ کە ماڵەکانیان وێران بووە و چاوەڕێی دەستی یارمەتین.
ئۆرلا گێرین کێیە؟
ئۆرلا گێرین، یەکێکە لە دیارترین و ناسراوترین پەیامنێرە نێودەوڵەتییەکانی بی بی سی، کە بەهۆی رووماڵە ورد و مەیدانییەکانی لە ناوچە گەرمەکانی جیهان و بەرەکانی جەنگ، نێوبانگێکی گەورەی پەیداکردووە.
گێرین بەشێکی کاریگەری تەمەنی لەنێو دووکەڵی جەنگ و لە دۆخە قەیراناوییە مرۆییەکاندا بەسەربردووە. لە 15ی ئایاری 1966 لە شاری دەبڵنی پایتەختی ئایرلاند لەدایکبووە. هەر لەوێ دەستی بە خوێندن کرد و دەرچووی بەشی رۆژنامەڤانییە لە پەیمانگەی تەکنەلۆجیای دەبڵن.
گێرین هەروەها خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە "زانستی فیلم" کە لە زانکۆی کۆلێژی دەبڵن بەدەستیهێناوە.
گێرین لە ساڵی 1987 وەک رۆژنامەڤان لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئایرلاند (RTÉ) دەستی بە کارکردن کرد؛
بووە گەنجترین پەیامنێری نێودەوڵەتیی ئەو دامەزراوەیە، کاتێک لە تەمەنی 23 ساڵی دا و لە ساڵی 1990رووماڵی رووخانی یەکێتیی سۆڤیەتی کرد.
لە ساڵی 1995 پەیوەندی بە BBCیەوە کرد و قۆناخێکی نوێ لە ژیانی پیشەیی دەستیپێکرد. ساڵی 1996 تاوەکو 2000 پەیامنێری بی بی سی بوو بۆ بەشی باشووری ئەورووپا و یەکێک لە دیارترین ئەرکەکانیشی بریتیبوو لە رووماڵکردنی جەنگی کۆسۆڤۆ لە ساڵانی 1998 و 1999.
ساڵی 2000 بووە پەیامنێری بی بی سی لە مۆسکۆ و ساڵی 2001یش لە قودس- ئورشەلیم نیشتەجێبوو بۆ رووماڵکردنی راپەڕینی دووەمی فەلەستینییەکان لەو شارە و رووداوەکانی دیکەی نێوان ئەو دوو لایەنە ناکۆکە.
لە ساڵانی 2016-2017 لەگەڵ پێشڕەوی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، رووماڵی شەڕی دژی داعشی کرد.
لە ساڵی 2023 چووە ئۆکراینا بۆ رووماڵکردنی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا.
ساڵی 2024 گەڕایەوە قودس- ئورشەلیم؛ ئەم جارە بۆ رووماڵکردنی جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس.
گێرین چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە؛ لە ساڵی 1992 خەڵاتی جاکۆبی Jacob's Awardی وەرگرت لەسەر رووماڵکردنی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ئەورووپا.
لە ساڵی 2002 وەک "باشترین پێشكێشکاری ساڵ" لەلایەن یانەی چاپەمەنی لەندەنەوە هەڵبژێردرا.
لە ساڵی 2005 خەڵاتی شانازیی شانشینیی بەریتانیا (MBE) پێبەخشرا لەسەر خزمەتەکانی لە بواری میدیادا.
گێرین لە ساڵی 2003 ژیانی هاوژینی لەگەڵ مایکڵ جیۆرجی پێکهێناوە، کە ئەویش پەیامنێری ئاژانسی رۆیتەرزە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ