رووداو دیجیتاڵ
نادین ماینزا، داکۆکیکارێکی ئازادیی ئایینییە، ستایشی یەکێتیی نێوان گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان)ـی کرد و گوتی، دەکرێت دیمەشق سوود لە ئەزموونی ئەم پێکەوە ژیانە ببینێت.
ماینزا سەرۆکی سکرتارییەتی رێکخراوی جیهانیی ئازادییە ئایینیەکان و سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی لە 14ـی نیسانی ئەم ساڵ سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و هەفتەیەک لەوێ بوو.
ماینزا لەگەڵ چەندین سەرکردەی خۆجێیی لەوانەش مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەند نوێنەرێکی پێکهاتە جیاوازەکان کۆبووەوە.
ئەو چالاکڤانە بەوە سەرسامە کە سەرەڕای رکابەری لە نێوان گرووپە دژبەرەکان لەوانەش ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی (ENKS)، گرووپە کریستیانەکان و لایەنگرانی رژێمی پێشوو؛ ئێستا پشتیوانیی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا دەکەن و دەیانەوێت وەک بەشێک لە داهاتووی سووریا بیپارێزن.
پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) و ئەنەکەسە کە ماوەیەکی زۆر رکابەری یەکبوون، دووبارە دەستیان بە گفتوگۆ و دانوستاندن کردەوە، پلانیان داناوە رۆژی شەممە 26ـی نیسان، یەکەم کۆنفڕانسی هاوبەشی کوردی لە قامشلۆ بکەن.
پەیەدە و ئەنەکەسە، کە ماوەیەکی زۆر رکابەری یەک بوون، گفتوگۆکانییان بۆ لێک نزیکبوونەوە دەستپێکردووە. ئەوان پلانیان داناوە کە یەکەم کۆنفرانسی هاوبەشی کوردی لە قامیشلۆ لەم شەممەیەدا بکەن.
ماینزا پێیوایە ئەو مۆدێلەی رۆژئاوای کوردستان دەتوانێت لە بنیاتنانەوەی بەشەکانی دیکەی سووریا یارمەتیدەر بێت. ئەو جەختی لەوە کردەوە، لە شارە کوردییەکان رۆڵی سەرکردایەتی لەلایەن کەسایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکانەوە بەشدەکرێت.
ئێستا سووریا لە قۆناخی راگوزەردایە. دەستەی تەحریری شام بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع، لە مانگی 12ـی 2024 رژێمی بەشار ئەسەدی رووخاند. دوای نزیکەی مانگێک شەرع بووە سەرۆکی کاتیی سووریا و بەڵێنی حکومەتێکی "گشتگیر"ـی دا. هەرچەندە رەخنەگران دەڵێن، ئەو خەریکە کەمینەکان پەراوێز دەخات و سەرنجی لەسەر یاسای ئیسلامییە.
ماینزا گوتی، پێکهاتە ئایینییەکان لەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی شەرعدایە، هەست بە نەپارێزراوی دەکەن. ژنە چالاکڤانەکە باسی ئەوەی کرد کە گەڕەکە کریستیاننشینەکان لەلایەن کەسانی دیکەوە دەترسێنرێن و چاویان لێ سوور دەکرێتەوە.
ئەو رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت بەوەی، بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە پێش مافەکانی مرۆڤەوە دادەنێن و گوتی، دەبێت گوشار بخەنە سەر حکومەتی کاتی بۆ ئەوەی زیاتر گشتگیر بێت.
ماینزا گوتی، ئاشتیی بەردەوام لە سووریا پشت بە یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و مافی یەکسان بۆ هەموو هاوڵاتیان دەبەستێت و "دەبێت ئەمە بۆ رۆژئاوا لە قازانجە ئابوورییە کورتخایەنەکان گرنگتر بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ