رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دارە بەتەمەنەکانی پارکی نیشتمانیی "سکوایەر" لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا بەرگەی ئەو ئاگرە دەگرن کە بووەتە هۆی سووتاندنی ژمارەیەکی زۆر رووەک و سەوزایی.
لە پارکی نیشتمانیی سکوایەر زیاتر لە 100 داری گەورەی جۆری سکوایەر هەن؛ بەڕێوەبەرایەتیی پارکەکە بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەی شارەزایانی بوارەکە دەڵێن، تەمەنی هەریەکە لەو دارانە لەنێوان 2 هەزار بۆ 3 هەزار ساڵ دەبێت.
یەکێک لە دارەکان ناوی شێرمەنە کە لە دارە هەرە بە تەمەنەکانی دارستانی نیشتمانیی ئەمریکا و جیهانە، بەرزییەکەی 84 مەترە. شێرمەن بەهۆی زۆریی تەمەنیەوە ئاگرەکانی کالیفۆرنیای لا نامۆ نین.
بەگوێرەی بەڕێوبەرایەتیی پارکی نیشتمانیی سکوایەر، تەمەنی شێرمەن نزیکەی 2 هەزار و 200 ساڵ دەبێت. مارک گارێت، کارمەندی ئاگرکوژێنەوە دەڵێت، "ئەم دارانە زۆر بەرگە دەگرن و زۆریش تایبەتن. بەڵام هەبوونی وشکەساڵی وا دەکات شتەکان چاوەڕوان نەکراوبن. ئاگرەکانی پێشوو زۆر بەتین بوون، لەبەرئەوە هەوڵدەدەین هەر مەترسییەکی چاوەڕوان نەکراو کەمبکەینەوە کە دەکرێت بێتە پێش."
بە سەتان کارمەندی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەڵمەتی ئاگرکوژاندنەوەکەدا بەشدارن. کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە لە رێگەی داپۆشێنی قەدی دارەکە بە کاخەزی ئەلەمنیۆمی هەوڵدەدەن رێگری لە لەنێوچوونی دارە بەتەمەنەکان بکەن.

تان گوێن، ئۆفسەر لە تیمی ئاگرکوژاندنەوە دەڵێت، "ئەوەی کارمەندانی ئاگرکوژێنەوەمان و راوێژکارەکانی ناوچەکەمان دەیکەن بریتییە لەوەی کە چ شوێنێکی دارەکە گونجاوە بۆئەوەی داپۆشرێت، چونکە هەموو دارەکان سوود لەم داپۆشینە وەرناگرن".
لە سەرەتای ئەمساڵەوە 7,618 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کالیفۆرنیا تۆمارکراون کە بوونەتە هۆی سووتاندنی نزیکەی یەک ملیۆن هێکتار زەوی و 3,289 خانوو و باڵەخانەش بەهۆی ئاگرەکەوە لەنێوچوون.
695 کەس بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە راسپێردراون؛ تاوەکو ئێستا 7 کەس لە تیمی ئاگرکوژاندنەوە و دوو هاووڵاتیی سڤیلیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ