ئیف بی ئای ئەو کارمەندانە دەردەکات کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ ترەمپ کردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) ژمارەیەک بریکاری لەکار لاداوە کە پەیوەندییان بە لێکۆڵینەوەکانی ساڵی 2022وە هەبووە سەبارەت بە دۆسیەی بەڵگەنامە نهێنییەکانی دۆناڵد ترەمپ لە مار-ئا-لاگۆ. ئەم بڕیارەش ناڕەزایەتییەکی تووندی لێکەوتووەتەوە.
 
بەپێی راپۆرتە میدیاییەکانی ئەمریکا، کاش پاتێل، بەڕێوەبەری ئێف بی ئای، فەرمانی دەرکردنی لانی کەم شەش بریکاری داوە. ئەم کارمەندانە بەشداربوون لەو لێکۆڵینەوانەی تایبەت بوون بە هێشتنەوەی نایاسایی بەڵگەنامە نهێنییەکانی پێنتاگۆن و سی ئای ئەی (CIA) لەلایەن ترەمپەوە دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی.
 
کۆمەڵەی بریکارەکانی ئێف بی ئای، کە نوێنەرایەتیی کارمەندانی نووسینگەکە دەکات، پشتڕاستی کردەوە کە دەرکردنەکان روویانداوە و لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو کارەیان کرد.
 
کۆمەڵەکە دەڵێت: "ئەم کارانە نووسینگەکە لاواز دەکەن، شارەزاییە گرنگەکان لەناودەبەن و سەقامگیریی هێزی کار تێکدەدەن. هەروەها متمانە بە سەرکردایەتی کەمدەکەنەوە و توانای نووسینگەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دەخەنە مەترسییەوە، کە لە کۆتاییدا نەتەوەکە رووبەڕووی مەترسیی گەورەتر دەکاتەوە."
 
دەرکردنی ئەم کارمەندانە لەکاتێکدایە، کاش پاتێل بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە بەرپرسان تۆماری تەلەفۆنەکانی ئەویان دەستکەوتووە لەو کاتەی لێکۆڵینەوە لە ترەمپ دەکرا. 
 
دۆناڵد ترەمپ مێژوویەکی درێژی لە گرژی لەگەڵ ئێف بی ئای هەیە، بەتایبەت دوای لێکۆڵینەوەکانی نووسینگەکە لە هێرشەکەی سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ لە 6ی کانوونی دووەمی 2021.
 
دۆسیەی مار-ئا-لاگۆ چی بوو؟
 
لە ساڵی 2022، بریکارەکانی ئێف بی ئای هەڵیانکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ترەمپ لە فلۆریدا، ئەوەش وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوە لە مامەڵەی نادروست لەگەڵ ئەو بەڵگەنامانەی کە زانیاریی ئەتۆمی و بەرگریی هەستیاریان تێدابوو.
 
هەرچەندە ترەمپ هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوە، بەڵام دۆسیەکە بەردەوام بوو تاوەکو تەممووزی 2024، کاتێک ئەیلین کانۆن، دادوەری ناوچەیی ئەمریکا، کەیسەکەی هەڵوەشاندەوە. دواجار دوای سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی داد بە تەواوی کەیسەکەی داخست.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.

روبیۆ: گفتوگۆنەکردنی ئێران لەسەر پڕۆگرامە مووشەکییەکەی کێشەیەکی گەورەیە

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دا، دەبێت ئێران لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی دانوستاندن بکات. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، تاران کار لەسەر مووشەکێک دەکات توانای هەیە بگاتە خاکی ئەمریکا.