رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا لە هۆڵەندا 360 منداڵ کە داوای مافی مانەوەیان کردووە، دیارنەماون. ئەو منداڵانەی کە دیارنەماون ئەوانەن کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە و بە تەنیا چوونەتە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و، خۆیان داوای مافی مانەوەیان کردووە.
بەپێی سیستمی کۆچبەریی هۆڵەندا؛ هەرکەسێک داوای مافی پەنابەری یان مانەوە بکات، دەبێت بچێتە کەمپێکی سەرەتایی لە باکووری ئەو وڵاتە. ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە بە منداڵ دادەنرێن و مامەڵەیەکی جیاواز و باشتریان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام لە بەدواداچوونێکی ژمارەیەک دامەزراوەی میدیایی ئەوروپیدا دەرکەوتووە کە لە کۆی چوار هەزار و 449 منداڵ کە ساڵی رابردوو بەتەنیا چوونەتە هۆڵەندا و داوای مافی پەنابەرییان کردووە، 360 منداڵیان دیارنەماون.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو منداڵانە، زانیاریی ورد لەبەردەست نین. هەندێکیان دەیانەوێت بچنە لای ئەندامانی خێزانەکانیان لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بەڵام بەشێکی زۆریشیان دەکەونە داوی قاچاخچی و بازرگانانی لەشفرۆشی.
وەک لە راپۆرتی دامەزراوەی (لۆست ئین یوروپ) دەردەکەوێت، دانیشتووانی ئەو شوێنانەی کەمپەکانی منداڵانیان لێیە، شایەتییان داوە کە پیاوانی ئەڵمانی و هۆڵەندی بە ئۆتۆمبێل دەچن و لە دەرەوەی کەمپەکان کوڕان و کچانی منداڵ لەگەڵ خۆیان دەبەن.
لە بەریتانیاش بەهەمانشێوە زەنگی مەترسی لێدراوە و تەنیا لە هۆتێلێک لە شاری برایتنی ئینگڵاند، 136 منداڵ دیارنەماون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ