سی ئای ئەی: هێرشەکانی ئەمریکا زیانی گەورەیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیاندووە

26-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاژانسی ناوەندی هەواڵگریی ئەمریکا ناسراو بە (سی ئای ئەی)، رایگەیاندووە هێرشەکانی سەرەتای ئەم هەفتەیەی ئەمریکا "زیانێکی گەورەیان" بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیاندووە و بۆ چەندین ساڵ دوایخستوون.
 
ئەمەش پێچەوانەی راپۆرتێکی هەواڵگریی دزەپێکراوەی ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمریکایە، کە تێیدا رایگەیاندبوو هێرشەکەی ئەمریکا زیانێکی ئەوتۆی پێنەگەیاندووە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 25ی حوزەیرانی 2025، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی ناوەندی هەواڵگریی ئەمریکا (CIA)، لەبارەی کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر سێ دامەزراوەی سەرەکی ئەتۆمی ئێران، رایگەیاند: "بنکە سەرەکییەکان وێران کراون"، بەڵام ئەو بەرپرسەی ئەمریکاش خۆی بەدوورگرت لەوەی بڵێت کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە تەواوەتی لەنێوبراوە.
 
راتکلیف، ئاماژەی بەوە کردووە  کۆمەڵێک زانیاریی هەواڵگریی باوەڕپێکراو ئاماژەیان بەوە کردووە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، و دووبارە پەرەپێدانی ئەو بەرنامە ئەتۆمییە چەندین ساڵی پێویستە.
 
راتکلیف دەڵێت: "ئەمە زانیاریی نوێ لەخۆدەگرێت لە سەرچاوەکان بەدەست هاتوون و جێی متمانەن، کە چەندین دامەزراوەی سەرەکیی ئەتۆمیی ئێران وێران کراون."
 
ئەم زانیارییە نوێیانەی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، رۆژێک دوای ئەوە دێت کە هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی دزەپێکراوی دەزگایەکی هەواڵگریی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کردبوو پێکهاتە سەرەکییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دوای بۆردوومانەکانی ئەمریکا بەبێ زیان ماونەتەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لووتکەی ناتۆ، دووبارە جەختی کردەوە کە هێرشەکەیان، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی "بە تەواوی وێران کردوون".
 
سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی ئیدارەکەی رەخنەی تووندیان لە راپۆرتە دزەپێکراوەکەی ئاژانسە هەواڵگرییە سەربازییەکان گرت و بە هەوڵێکی میدیایی بۆ کەمکردنەوەی دەستکەوتەکانی هێرشەکە ناویان برد.
 
دوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەکەی، دواتریش لەسەر تۆری کۆمەڵایەتیی ئێکس، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی نووسیوویەتی، "بەیاننامەکەم بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی (سی ئای ئەی) ـە، کە پێچەوانەی ئەو راپۆرتانەیە کە سەرچاوەکانیان نایاساییە، سەبارەت بە وێرانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 باڵەخانەیەک لە کیێڤی ئۆکراینا بۆردوومان کراوە. وێنە: AFP

ترەمپ دەڵێت رێککەوتنی ئاشتیی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن رایگەیاند، گەرەنتیی ئەمنیی "هاوشێوەی ناتۆ"ی پێشكێش بە کیێڤ کردووە و بڕوای وایە مۆسکۆ قبووڵی دەکات.