رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا رایدەگەیێنێت کە ئەمریکا لەگەڵ "رژێمێکی نوێ و ئەقڵانیتر"ی ئێران لە "دانوستاندنی جیدی"دایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی تەواوەتیی وێستگەکانی کارەبا، بیرە نەوتەکان، دوورگەی خارگ و تەنانەت وێستگەکانی شیرینکردنی ئاویش دەکات ئەگەر رێککەوتن نەکرێ و گەرووی هورمز نەکرێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا وردەکاریی هەڕەشەکانی بۆ سەر ئێران ئاشکرا کرد، ئەگەر دانوستاندنەکان شکست بهێنن.
ترەمپ نووسیویەتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دانوستانێکی جیدیدایە لەگەڵ رژێمێکی نوێ و شیاوتری ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان. پێشکەوتنی گەورە بەدەستهاتووە."
گوتەکانی ترەمپ لەکاتێکدایە، پێش پۆستەکەی ترەمپ بە چەند کاتژێرێک ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە رێگەی چەند نێوەندگیرێکەوە، لەوانە پاکستان، پەیامی ئەمریکایان بەدەست گەیشتووە کە تێیدا واشنتن داوای دانوستاندن دەکات، بەڵام تاران ئەو داواکارییانە بە "زیادەخوازی" ناودەبات و دەشڵێت: "هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆمان لەگەڵ ئەمریکا نییە."
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هەڕەشە دەکات و دەڵێت: "بەڵام ئەگەر بە هەر هۆکارێک بەمزووانە رێککەوتن نەکرێ (کە پێدەچێت بکرێت) و ئەگەر تەنگەی هورمز دەستبەجێ بەڕووی بازرگانیدا نەکرێتەوە، ئەوا 'مانەوە' خۆشەکەمان لە ئێران کۆتایی پێدەهێنین بە تەقاندنەوە و وێرانکردنی تەواوەتیی هەموو وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بیرە نەوتەکان و دوورگەی خارگ (و رەنگە هەموو وێستگەکانی ئاو شیرینکردنیش!)، کە بە مەبەست هێشتا دەستمان لێ نەداون."
لە بەرامبەردا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی تووندی لە هەڵوێستەکانی ئەمریکا گرت و گوتی: "متمانەی جیهانی بە دیپلۆماسیی ئەمریکا زۆر کەم بووەتەوە. ئەو داواکارییانەی لەژێر ناوی 'پڕۆژەی 15 خاڵی' بۆ ئێمە نێردراون، داواکاریی زیادەخوازانە، ناواقیعی و ناژیرانەن."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمە دەبێتە سزایەک بۆ کوژرانی سەربازەکانی ئەمریکا و نووسیویەتی: "ئەمە وەک سزایەک دەبێت بۆ ئەو سەربازە زۆرانەمان و کەسانی دیکەش، کە ئێران لە ماوەی 47 ساڵی 'حوکمڕانیی تیرۆر'ی رژێمە کۆنەکەیدا سەری بڕیون و کوشتوونی."
لەدوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شووباتی 2026 دا، پاکستان تەنیا وڵاتە بەشێوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ میسر، سعودیە و تورکیا، هەوڵی دیپلۆماسییان بۆ وەستاندنی جەنگەکە دەستپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ