رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بۆ هەوڵەکانی راگرتنی جەنگی ئۆکراینا "هەفتەیەکی زۆر هەستیار" بەڕێوەیە. لەلایەکی دیکە، سەرۆکی ئەمریکا گوشار لە مۆسکۆ و کیێڤ دەکات بگەنە رێککەوتن.
رۆژی یەکشەممە 27-04-2025 مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی رێککەوتنی نێوان ئۆکراینا و رووسیا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "نزیکین، بەڵام زۆر نا. پێموایە ئەم هەفتەیە زۆر هەستیار دەبێت."
روبیۆ گوتی: "ئێمە دەبێت بڕیار بدەین کە بەدوای ئەمەوە بین یانیش سەرنجمان بخەینە سەر شتی دیکەی گرنگ."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینەکە گوتی: "لەبارەی ئەودەرفەتانەی بۆ رێککەوتن لەسەر کۆتایی هێنانی جەنگ دێنە پێشەوە، هێشتا هۆکار هەن بۆ ئەوەی گەشبین بین، بەڵام هۆکاریش هەن بۆ ئەوەی واقیعی بین."
روبیۆ جەختی کردەوە کە ئەو شەڕە "هیچ چارەسەرێکی سەربازیی" نییە و "تاکە چارەسەر ئەوەیە کە دانوستاندن بکرێت کە هەردوولا رازیبن بەوەی دەست لە شتێک هەڵبگرن کە دەیانەوێت."
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، "چەندین گفتوگۆ لەسەر پرسی خاک" لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ کراون. واڵتز هیچ زانیارییەکی دیکەی نەدرکاند.
دوێنێ شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پاپای ڤاتیکان لە رۆما لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ