سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی تەقینەوەکانی کابوول دەکات

27-08-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن تەقینەوە لە کابوول
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کابوول سەرکۆنە دەکات و هاوخەمیی لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکە دەردەبڕێت.
 
لە تویتێکدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکانی رۆژی رابردووی فڕۆکەخانەی کابوول رایگەیاند" ئێمە سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکانی رۆژی پێنجشەممە دەکەین کە بوونەهۆی کوژرانی دەیان هاووڵاتیی ئەفغانی و سەربازانی ئەمریکی. هۆش و نزاکانمان لەگەڵ قوربانییان، خێزان و خۆشەویستەکانیانە".
 
رۆژی پێنجشەممە 26-8-2021 تەقینەوەیەک لە دەروازەی سەرەکیی فڕۆکەخانەی کابوول روویدا. دوای ئەو تەقینەوەیەش بە کەمتر لە کاژێرێک، تەقینەوەی دووەمیش روویدا.جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، یەکێکیان لە نزیک دەروازەیەکی سەرەکیی فڕۆکەخانەکە بووە و ئەوی دیکەشیان لەنزیک هۆتێلێکی نزیکی فڕۆکەخانەکە بووە. 
 
داعش هەرزوو بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوە و هێرشەکانی فڕۆکەخانەی کابوول راگەیاند. لە ئەنجامی هەردوو تەقینەوەکەش 13 سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکەش برینداربوونە. چاوەڕێدەکرێت ژمارەی قوربانییەکان بەرزتر ببێتەوە. 
  
بەرەبەیانی ئەمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی تەقینەوەکانی کابوولی پایتەختی ئەفغانستان و کوژران و برینداربوونی چەندین سەربازی ئەمریکی، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "بۆ ئەوانەی کە ئەم هێرشەیان ئەنجامداوە و هەروەها بۆ هەرکەسێك کە خوازیاری زیانگەیاندنە بە ئەمریکا، دەڵێم، لەکەس خۆشنابین، دەتانگرین و سزاشتان دەدەین. من بە هەرشتێك کە لەژێر فەرمانمدایە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانمان و هەروەها گەلەکەمان دەکەم".
 
هەروەها تاڵیبان رایگەیاندووە؛ 28 چەکداریان لە تەقینەوەکانی کابوول گیانیان لەدەستداوە. چەند سەرچاوەیەکیش لە نەخۆشخانەکانی کابوول بۆ میدیای فەرمی رووسیایان گوتووە؛ 1338 کەس لە تەقینەوەکاندا برینداربوون و 90 کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە. 
 
جەنەڕاڵ مکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، زیاتر لە 100 هەزار کەس لە 14ی ئابەوە لە کابوول گوازراونەتەوە کە 66 هەزاریان لەلایەن ئەمریکاوە بوون و 37 هەزار لەلایەن هاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتەوە گوازراونەتەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە