لاڤرۆڤ: ئامادەین بەشداری چارەسەرکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بکەین بەو جۆرەی دەیانەوێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی رووسیا رایدەگەیەنێت، مۆسکۆ ئامادەیە رۆڵێکی کارا لە چارەسەرکردنی کێشەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێراندا ببینێت، ئاماژە بەوەش دەکات کە لەگەڵ چین پشتگیری لە بەردەوامبوونی دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و تاران دەکەن بە مەرجێک مافە شەرعییەکانی هەردوولا پارێزراو بن.
 
رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، "رووسیا ئامادەیە هاوشێوەی رێککەوتنی ساڵی 2015، رۆڵی خۆی لە چارەسەرکردنی پرسی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێراندا ببینێت. لاڤرۆڤ گوتی: "ئەم رۆڵە دەتوانێت بە چەندین شێوە بێت، لەوانە دووبارە پرۆسێسکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراو بە ئاستی بەرز بۆ یۆرانیۆمی ئاستی سووتەمەنی، یان گواستنەوەی بڕێکی دیاریکراو لەو یۆرانیۆمە بۆ رووسیا بە مەبەستی کۆگاکردن."
 
بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، پێش جەنگی حوزەیرانی رابردووی نێوان ئیسرائیل و ئێران و جەنگی ئەم دواییەی واشنتن و تەلئەڤیڤ لەگەڵ تاران، ئێران خاوەن سەروو 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بوو بە رێژەی سەروو 60٪. دوای ئەو دوو جەنگە، ئەمریکا و ئیسرائیل ئاماژە بە لەنێوبردنی توانای ئەتۆمی ئێران دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا تاران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پشتڕاستیان نەکردووەتەوە. 
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا دەشڵێت، هەر چارەسەرێک پێویستە لای ئێران پەسند بێت و گوتی: "نابێت مافە چەسپاوەکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتییانە پێشێل بکرێت، چونکە ئەمە مافی هەموو دەوڵەتێکە."
 
لەبارەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و گوشارەکان، لاڤرۆڤ ئاماژەی بە هاوئاهەنگیی نێوان مۆسکۆ و بەیژینگ کرد و رایگەیاند: "ئێمە و کۆماری گەلی چین پشتگیری لە بەردەوامبوونی ئەم دانوستاندنە مێژوییانە دەکەین تاوەکو لایەنەکان بەرەو ئامانجی واقیعی و دادپەروەرانە هەنگاو بنێن."
 
سێرگی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد کە رووسیا و چین ئامادەن پشتگیریی هەمو ئەو شێواز و فۆرمە جیاوازانەی دانوستاندنەکان بکەن کە دەبنە هۆی گەیشتن بە رێککەوتن، بە مەرجێک رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافە شەرعییەکانی هەردوولا بگیرێت.
 
ئەم پێشنیازەی رووسیا لە کاتێکدا دێت کە پرسی یۆرانیۆمی پیتێندراو بووەتە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان، بەو پێیەی واشنتن داوای چوونەدەرەوەی یۆرانیۆمەکە دەکات و تاران وەک کارتێکی گوشار و مافێکی نیشتمانی سەیری دەکات، مۆسکۆش بەم پێشنیازەی دەیەوێت رێگەیەک بۆ دەربازبوون لەو بنبەستە دیپلۆماسییە بدۆزێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان

سەرۆکوەزیرانی پاکستان بۆ ئامادەکاریی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران دەچێتە سعودیە، قەتەر و تورکیا

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە 15-04-2026 گەشتێکی دیپلۆماسیی چوار رۆژە بۆ سعودیە، قەتەر و تورکیا دەستپێدەکات. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، ئیسلامئاباد هەوڵەکانی بۆ رێکخستنی گەڕی دووەمی گفتوگۆکانی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئێران چڕ کردوونەتەوە