رووداو - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی هیندستان رایگەیاند، ناریندرا موودی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە گەشتێک بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەنجامدەدات، کە فەڵەستینیش دەگرێتەوە.
لە راگەیێندراوێکیدا، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان رایگەیاند "لە رۆژانی 9 تاوەکو 12ی مانگی شوباتی ئەمساڵ، موودی گەشتێک بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەنجامدەدات کە وڵاتانی ئیمارات، عەمان و هەروەها فەڵەستین دەگرێتەوە".
وەزارەتی دەرەوەی هیندستان ئاماژەی بە سەردانەکەی موودی کرد و بەیەکەمین سەردانی سەرۆکوەزیرانی هیندستان بۆ فەڵەستین ناوبرد.
لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2017، سەرۆکوەزیرانی هیندستان سەردانی ئیسرائیلی کرد، بەبێ ئەوەی سەردانی ناوچەی کەناری رۆژئاوا بکات و هەروەها لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی فەڵەستینی کۆنەبووەوە.
لەبەرامبەردا، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا سەردانی هیندستانی کرد و چەندین رێککەوتنی بازرگانی و ئابووری لەنێوان هەردوولادا واژۆکران.
حکومەتی هیندستان بڕیارەکەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی بە فەرمی ناساندنی شاری ئۆرشەلیم- قودس بە پایتەختی ئیسرائیل رەتکردەوە و حکومەتی ئیسرائیل بێهیوایی خۆی لە هەڵوێستی نیودەلهی خستەڕوو.
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ