رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئەوەی زۆربەی هاوڵاتیانی هیندستان چاوەڕێی ئەوەن کریستیانۆ رۆناڵدۆ بچێتە وڵاتەکەیان، هەندێک لە خەڵکی ویلایەتی گۆوا ئاڵا رەشەکانیان بەرزکردەوە وەک ناڕەزایەتییەک دژی پەیکەری کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە هیندستان و داوایانکرد پەیکەری یاریزانێک لاببەن کە کوڕی وڵاتی داگیرکاریانە.
تیروپشکی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای دوو، یانەی نەسڕی سعودی خستە کۆمەڵەیەکەوە کە یانەکانی زەورای عێراقی، ئیستقلولی تاجیکی و گۆوای هیندی لەخۆدەگرت. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی جۆش و خرۆشێکی گەورە لە هیندستان بۆ پێشوازیکردن لە سەردانی ئەفسانەی پۆرتوگالی، کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی یانەی نەسڕ.
ئەستێرەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن 40 ساڵان، جەماوەرێکی زۆری لە ویلایەتی گۆوای هیندستان هەیە. لەوێ زۆر لە دانیشتووان پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ پۆرتوگالدا پاراستووە، کە ئەو هەرێمە لەساڵی 1510 تاوەکو 1961 لەلایەن پۆرتوگالەوە داگیرکرابوو، و دوای شەڕێکی گەورە لەگەڵ هیندستان رزگارکرا.
گۆوا بە دەوڵەمەندترین ویلایەتی هیندستان دادەنرێت و خاوەنی بەرزترین داهاتی تاکە لەنێو هەموو ویلایەتەکانی دیکەی ئەو وڵاتەدا، خەڵکەکەیشی هێشتا پارێزگاری لە زۆر لە نەریتە پۆرتوگالییەکان دەکات.
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە جەماوەرێکی ئەوەندە زۆری لەو ویلایەتە هەیە کە حکومەتی خۆجێی لەساڵی 2021 پەیکەرێکی رۆناڵدۆی دروستکرد و لە یەکێک لە گۆڕەپانەکاندا داینا. بەگوتەی هەندێک لە سیاسییە ناوخۆییەکان، ئامانج لە پەیکەرەکە ئیلهامبەخشین بووە بە گەنجان.
سیاسەتمەداری هیندی، مایکڵ لۆبۆ، پێشتر لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیبووی "ئامانج لە دانانی پەیکەری هێرشبەری پۆرتوگالی، کە کێشی 400 کیلۆگرامە، رێزگرتن بوو لە 'خۆشەویستیی تۆپی پێ' و 'ئیلهامبەخشین بە گەنجانمان بۆ ئەوەی یارییەکە بەرەو ئاسۆی نوێ ببەن". بەڵام پەیکەرەکە رووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی هەندێک لە دانیشتووان بووەوە و بە ئاڵای رەشەوە لە دەوری کۆبوونەوە و داوای لابردنیان کرد. ئەوان داوایان دەکرد کە تێز لە هێما وەرزشییە ناوخۆییەکانی گۆوا بگیرێت.
هەروەها ناڕەزایەتییان دەربڕی، چونکە پورتوگال وڵاتێکی داگیرکەر بووە و کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکێکە لە هێما دیارەکانی، لە کاتێکدا دانانی پەیکەرەکە تەنیا چەند رۆژێک پێش ئاهەنگی ساڵیادی رزگاربوونی ویلایەتی گۆوا بوو لە داگیرکاریی پۆرتوگال.
سەرەڕای جۆش و خرۆشی هاندەرانی هیندستان و یاریزانانی یانەی گۆوا بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەسڕی سعودی بەسەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەڵام ئامادەبوونی ئەو ئەفسانەیە لە یارییەکەدا مسۆگەر نییە. هۆکارەکەشی رێککەوتنێکە لەنێوان خۆی و کارگێڕیی یانە سعودییەکەدا، کە رێگەی پێدەدات لە 25٪ـی یارییەکانی وەرزەکەدا ئامادە نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ