رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری لە هەوڵەکان دەکات بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بخرێتە لیستی رێکخراوە "تیرۆریستییەکانی" یەکێتیی ئەورووپاوە. دەشڵێت، سبەی لە برۆکسل سزای نوێ بەسەر ئەو بەرپرسە ئێرانییانەدا دەسەپێنرێت کە دەستیان لە سەرکوتکردنی خەڵکدا هەبووە.
رۆژی چوارشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2026، ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکوتکردنی "بەرگەنەگیراو"ی خۆپێشاندەرانی ئێران بێ وەڵام نامێنێتەوە. گوتیشی: "ئەو ئازایەتییە لە رادەبەدەرەی گەلی ئێران لە بەرامبەر تووندوتیژییەکاندا نیشانیانداوە، نابێت بە فیڕۆ بچێت."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاشکرای کرد کە سبەی پێنجشەممە، لەگەڵ هاوبەشە ئەورووپییەکانیان لە برۆکسل، کۆمەڵێک سزای نوێ بەسەر بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکانی ئێراندا دەسەپێنن. سزاکان قەدەخەکردنی گەشتکردن بۆ وڵاتانی ئەورووپا و سڕکردنی سەرجەم دارایی و سەرمایەکانی ئەو بەرپرسانە لەخۆدەگرێت.
بارۆ جەختی لەوەش کردەوە کە فەرەنسا بە فەرمی پشتگیری لەوە دەکات سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) بخرێتە لیستی "رێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەوروپاوە".
ئەو گوتانەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کاتێکدان بڕیارە سبەی لە برۆکسل وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کۆببنەوە بۆ پرسی ئێران و گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک بکەن، دیارترینیان خستنە لیستی "تیرۆری" سوپای پاسداران و سزادانی چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتە. پێشتر تەنیا فەرەنسا دژایەتی خۆی بۆ خستنە لیستی سوپای پاسداران دەربڕیبوو.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوای لە تاران کرد بە زووترین کات زیندانییەکان ئازاد بکات، کۆتایی بە لەسێدارەدان بهێنێت و ئابڵۆقەی دیجیتاڵی (بڕینی ئینتەرنێت) هەڵبگرێت. هەروەها داوای کرد رێگە بە لێژنەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بدرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی لە ئێران ئەنجامدراون.
رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی پار، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان لە ئێران دەستیپێکرد. لە 7ی کانوونی دووەمیشەوە بەرپرسانی ئێران ئینتەرنێتیان راگرت. هەروەها، بەشێکی رێکخراوە مرۆییەکانی ئێران ئاماژە بە کوژرانی هەزاران خۆپێشاندەر دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ