راپرسییەک: بەراورد بە چەند رۆژ لەمەوبەر، ژمارەیەکی زیاتری ئەمریکییەکان پشتگیری لە شەڕی ئێران دەکەن

دوێنێ کاژێر 04:25
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە نوێترین راپرسیی رۆژنامەی واشنتن پۆستدا دەردەکەوێ، دژایەتیکردنی جەنگی ئێران لەنێو ئەمریکییەکاندا دابەزیوە، بەڵام هێشتا زۆرینەیان پێیان باشترە هێرشەکان رابگیرێن نەک بەردەوام بن. هەروەها زۆرینەی خەڵک پێیان وایە ئیدارەی ترەمپ ئامانجەکانی جەنگەکەی روون نەکردوونەتەوە و کوژرانی ئەمریکییەکانیش بە "قبووڵنەکراو" دەزانن.
 
رۆژنامەی واشنتن پۆست راپرسییەکی ئەنجامداوە بە سوودوەرگرتن لە بۆچوونی هەزار و پێنج هاووڵاتیی ئەمریکی بۆ زانینی بۆچوونیان لەسەر جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و چۆنیەتیی گۆڕانی بۆچوونەکانیان لەو کاتەوەی جەنگەکە دەستیپێکردووە.
 
پشتگیری یان دژایەتیی هێرشە سەربازییەکان دەکەی؟
 
کەمێک دوای دەستپێکردنی هێرشەکان، راپرسییەکی واشنتن پۆست دەریخست کە 39٪ی بەشداربووان پشتگیرییان لە "فەرمانی ترەمپ" بۆ دەستپێکردنی جەنگەکە دەکرد، لەکاتێکدا 52٪ دژی بوون و 9٪ دڵنیا نەبوون.
 
بەڵام لە راپرسییە نوێیەکەدا کە بەشێوەیەکی گشتی پرسیار لەبارەی "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا دژی ئێران" کراوە (بێ هێنانی ناوی ترەمپ)، دەرکەوتووە کە 42٪ پشتگیری دەکەن، 40٪ دژی دەوەستنەوە و 17٪ دڵنیا نین.
 
بەردەوامبوون یان راگرتنی هێرشەکان؟
 
رێژەی ئەو ئەمریکییانەی دەڵێن پێویستە ئەمریکا "بەردەوام بێت لە هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران" لە 25٪ـەوە بۆ 34٪ بەرزبووەتەوە، بەراورد بە سەرەتای جەنگەکە. بەڵام هێشتا رێژەیەکی گەورەتر، واتە 42٪، دەڵێن پێویستە ئەمریکا "لەم کاتەدا هێرشەکان رابگرێ" کە پێشتر 47٪ بوون. نزیکەی چارەکێکیش (24٪) دەڵێن دڵنیا نین.
 
پشتگیریکردن بۆ بەردەوامبوونی هێرشەکان بە رێژەیەکی بەرچاو لەنێو کۆمارییەکان، کەسانی سەربەخۆ، ژنان و کەسانی سەروو 65 ساڵیدا بەرزبووەتەوە. زۆرینەی بەساڵاچووان و کۆمارییەکان پشتگیریی بەردەوامیی هێرشەکان دەکەن، لەکاتێکدا زۆرینەی سەربەخۆکان، دیموکراتەکان، ژنان و کەسانی خوار تەمەن 50 ساڵ دەیانەوێ هێرشەکان رابگیرێن.
 
روونیی ئامانجەکان و قوربانییەکان
 
35٪ی ئەمریکییەکان پێیان وایە ئیدارەی ترەمپ ئامانجەکانی جەنگی ئێرانی روون کردوونەتەوە، لەکاتێکدا 65٪ دەڵێن روونی نەکردوونەتەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە زیاتر لە 60٪ی ئەمریکییەکان دەڵێن ژمارەی کوژراو و بریندارانی ئەمریکا لە جەنگەکەدا "قبووڵنەکراوە" بە لەبەرچاوگرتنی ئامانج و تێچووەکانی جەنگەکە.
 
بەگوێرەی پێنتاگۆن، تاوەکو ئێستا 7 سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 140 سەربازیش بریندار بوون.
 
ئەمریکییەکان لە جەنگی ئێراندا کەمتر ئارامگرن بەرامبەر کوژرانی سەربازەکانیان بەراورد بە رۆژانی سەرەتای جەنگی عێراق. بۆ نموونە، دوای هەفتەیەک لە هێرشکردنە سەر عێراق لە ساڵی 2003، 58٪ی خەڵک پێیان وابوو ژمارەی کوژراوان و برینداران قبووڵکراوە.
 
ئاسایشی درێژخایەنی ئەمریکا
 
بە رێژەی 53٪ بەرامبەر 46٪، زۆرینەی ئەمریکییەکان گومانیان هەیە لەوەی هێرشەکانی وڵاتەکەیان بۆسەر ئێران خزمەت بە ئاسایشی درێژخایەنی ئەمریکا بکات. ئەمەش دابەزینێکی نەرێنییە بەراورد بە راپرسییەکەی یەکەم رۆژی هێرشەکان، کە تێیدا 49٪ پێیان وابوو هێرشەکان خزمەت بە ئاسایشیان دەکات.
 
ئەوانەی پێیان وایە هێرشەکان خزمەت بە ئاسایشیان ناکات، 20٪یان دەڵێن جەنگەکە پێویست نەبوو یان ئێران هەڕەشە نەبوو بۆ سەریان. 
 
نزیکەی 14٪ پێیان وایە جەنگەکە کاریگەر نییە (بە بەراوردکردن بە جەنگەکانی پێشووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست) و هەمان رێژەش نیگەرانن لە تۆڵەسەندنەوەی ئێران یان "کاری تیرۆریستی". ئەوانی دیکەش پێیان وایە هێرشەکان پاڵنەری دیکەیان لەپشتە و لەبەر ئاسایشی ئەمریکا نییە، یان دەترسن ناوبانگی ئەمریکا لەکەدار بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمریکا بەشداری لە بۆنەکە نەکرد

ئەمریکا بەشداری بۆنەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئیسلامۆفۆبیا ناکات

کۆبوونەوەیەکی گەورەی جیهانییە لەبارەی ئیسلام، بەڵام کاتێک لە کورسییەکان ورد دەبیتەوە، دەبینیت ئەمریکا هیچ نوێنەرێکی لەو بۆنەیەدا نییە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئیسلامۆفۆبیا (ترس لە ئیسلام) سازی کردووە.