کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ رووداو: ئەورووپا نەیتوانی رێگە لە هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان بگرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کەهی مەحموود
وۆڵفگانگ ئیشینگەر، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
وۆڵفگانگ ئیشینگەر، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رایدەگەیێنێت، یەکێتیی ئەورووپا نەیتوانیوە رۆڵێکی کاریگەر لە رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریادا بگێڕێت و دەڵێت: "بەباشی لەو هەستە تێدەگەم کە باس لە ناپاکیی ئەمریکا و بێدەنگیی جیهان دەکات."
 
رۆژی سێشەممە 27-01-2026، وۆڵفگانگ ئیشینگەر، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی دۆخی سووریا، رۆژئاوای کوردستان و کارنامەی کۆنفرانسەکە قسەی کرد.
 
سەبارەت بە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کورد لە رۆژئاوای کوردستان، ئیشینگەر نیگەرانیی خۆی نیشاندا و گوتی: "بەباشی لەو نیگەرانی و ناڕەزایەتییە تێدەگەم، خەمبارم کە یەکێتیی ئەورووپا نەیتوانی زیاتر خۆی بخاتە نێو یارییەکەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی ئاشتییانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کورد لە چوارچێوەی سووریادا."
 
ئیشینگەر هیوای خواست کە دیمەشق کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات و ئاراستەکە بەرەو شەڕ نەبێت و گوتی: "هیوادارین نوێنەرانی باڵای سووریا لە کۆنفرانسەکەدا بتوانن باسی ئاوەدانکردنەوەی وڵات بکەن، نەک جارێکی دیکە باسی ئاڵۆزییە نێوخۆییەکان و شەڕ لەگەڵ کورد بکەن."
 
سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئاماژەی بەوەشکرد کە بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ کۆنفرانسەکە و گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد هەموو کات لە میونشن بە گەرمی پێشوازییان لێدەکرێت و ئامادەبوونیان گرنگە."
 
دەربارەی بەشداربووانی ئەم ساڵی کۆنفرانسەکە، ئیشینگەر ئاشکرای کرد کە چاوەڕێی شاندێکی باڵای ئەمریکی دەکەن بە سەرۆکایەتی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەگەڵ ژمارەیەک سیناتۆری دیاری ئەو وڵاتە.
 
ئیشینگەر باسی لە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئیسرائیل و غەززە و بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفی کرد، بەو پێیەی "رەنگە ئەورووپا بەتەنیا نەیتوانیبایە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات."
 
 دەقی قسەکانی وۆڵفگانگ ئیشینگەر، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن:
 
رووداو: بەڕێز ئیشینگەر، ئێوە ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ دەکەن و دەڵێن: "چۆن مامەڵە لەگەڵ جیهانێکدا بکەین کە ئێستا بەرەو دابەشبوون دەچێت؟" هەروەها دەمەوێت بزانم، گرنگیی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی ئەمساڵ چییە؟
 
وۆڵفگانگ ئیشینگەر: من پێموایە کە ئێمە لە سەرەتای سەردەمێکی نوێداین، یان لە کۆتایی سەردەمێکداین. رەنگە گوتنی گۆڕانی سەردەم هێندە بەهێز نەبێت بۆ پێناسەکردنی ئەوەی دەیبینین. من باوەڕم وایە لەبەر ئەم هۆکارە، یەکێک لە گەورەترین پرسیارەکان بۆ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئەمەیە: داهاتووی پەیوەندییەکانی (ترانس ئەتڵانتیک) چۆن دەبێ؟ ئایا ئێمەی ئەورووپییەکان دەتوانین لە داهاتووشدا پشت بەوە ببەستین کە ئەمریکا خۆی وەک هێزێک لە ئەورووپا پێناسە دەکات؟ دووەم؛ ئەورووپا چۆن دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی لە جیهاندا بپارێزێت، کاتێک دەبینین هێزە گەورەکانی وەک ئەمریکا، چین، رووسیا و ئەوانی دیکە، تاوەکو دێت هەوڵدەدەن بەرژەوەندییەکانیان بە ئامرازی هێز بسەپێنن؟ کەواتە ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییە، بەتایبەتی بۆ یەکێتیی ئەورووپا کە هەمیشە خۆی وەک پرۆژەیەکی ئاشتی بینیوە. دەبێت ئێمە ئێستا یەکێتیی ئەورووپا بە جۆرێک پەرە پێبدەین کە بتوانێت، ئەگەر پێویست بکات، هەر 27 ئەندامەکەی لە بواری سەربازیشدا بپارێزێت.
 
رووداو: کێن ئەو کەسانەی کە ئەم ساڵ بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەکەن؟ جیاوازیی کۆنفرانسی ئەم ساڵ بەراورد بە پار چییە؟
 
وۆڵفگانگ ئیشینگەر: هەموو ساڵێک کەمێک لە ساڵی پێشوو جیاوازە. پار جێگری سەرۆکی ئەمریکا لێرە بوو. من ئەم ساڵیش چاوەڕێی شاندێکی زۆر باڵای ئەمریکیم. وەک بیستوومە، وەزیری دەرەوە مارکۆ روبیۆ پلانی هاتنی هەیە. ئێمە چاوەڕێی ژمارەیەکی زۆری سیناتۆری ئەمریکین، لەنێویاندا لیندزی گراهام، سەرۆکانی لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگریی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا. کەواتە بایەخدانی ئەمریکا بە میونشن بە شێوەیەکی دڵخۆشکەرانە بەردەوامە و ئەمەش نیشانەیەکی باشە.
 
رووداو: بەڕێز ئیشینگەر، ئێوە چۆن دەڕواننە سیاسەتی ئێستای ئەمریکا؟ بەتایبەتی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا. ئێستا لە سووریا دژی کورد هێرش و کۆمەڵکوژی دەکرێت. کورد ساڵانێک دژی داعش شەڕی جیهانی کرد. ئەوان ئێستا دەڵێن ئەمریکا پشتی تێکردین و ناپاکی بەرامبەر کردین. ئێوە لەوبارەوە چی دەڵێن؟
 
وۆڵفگانگ ئیشینگەر: بەڵێ، تێدەگەم کە نیگەرانیی گەورە هەن. لە لایەکی دیکەوە، دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم کە لایەنی ئەمریکی توانیویەتی رێگەیەک پێناسە بکات. هەرچەندە هێشتا ئەم رێگەیە پەیڕەو نەکراوە، بەڵام رێگەیەک پێناسە کراوە کە پرسی غەززە و پرسی ئیسرائیل-فەلەستین چۆن لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر دەکرێت. دیدگایەک بۆ ئەمە هەیە. کۆبوونەوەکان لە شەرم ئەلشێخ بەڕێوەچوون. لەبەر ئەم هۆکارە، پێموایە ئەوە جێگەی دەستخۆشییە بۆ دۆناڵد ترەمپ کە ئەم پرۆسەیەی دەستپێکرد. رەنگە ئێمەی ئەورووپییەکان بە تەنیا نەمانتوانیبووایە ئەم کارە بکەین. سەبارەت بە سووریا، دەبینین کە ئیدارەی نوێی سووریا هەوڵدەدات پەیوەندیی باشی لەگەڵ رۆژئاوا هەبێت. ئێمە هەوڵدەدەین نوێنەری باڵای ئەم حکومەتە نوێیەی سووریا بهێنینە میونشن. تەنیا دەتوانم هیوادار بم ئەو ئاڵۆزی و ناکۆکییانەی کە ئێستا لە سووریا سەریانهەڵداوە، کۆنترۆڵ بکرێن بۆ ئەوەی ئێمە لەگەڵ نوێنەرانی سووریا لەبارەی ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدانی ئابووری و ئاشتی لە ناوچەکە قسە بکەین، نەوەک دیسان لەسەر دۆخی شەڕی ناوخۆ لەنێوان کورد و هێزە سەربازییەکانی سووریا.
 
رووداو: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەموو ساڵێک لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەشداری دەکات. ئەم ساڵیش بە هەمانشێوە بانگهێشت کراوە. بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەوێ چەند گرنگە؟
 
وۆڵفگانگ ئیشینگەر: زۆر هیوادارم کە ئەو یان نوێنەرانی دیکەی کۆمەڵگەی کوردی دووبارە بەشدار بن. ئەوان لە ساڵانی رابردوودا هەمیشە لێرە بوون و هەمیشە بە گەرمی پێشوازییان لێدەکرێت. بێگومان، ئێمە دڵخۆش دەبین ئەگەر لە میونشن گفتوگۆ لەسەر رێگەی راست یان هەڵە بۆ داهاتووی سووریا بکەین.
 
رووداو: کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، چ لە باکوور، باشوور یان رۆژئاوا، هەموویان نیگەرانن و هەموویان دەڵێن ئەورووپا پشتی تێکردین و جیهان ناپاکی لێکردین. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژییانە بێدەنگە. بۆچی ئەورووپا بێدەنگە لە کاتێکدا دەبێ رۆڵێکی گرنگ لە رووداوەکانی جیهاندا بگێڕێت؟
 
وۆڵفگانگ ئیشینگەر: بەڕاستی زۆر باش لەوە تێدەگەم. نیگەرانم کە ئەورووپا نەیتوانیوە لەم پێشهاتە دراماتیکیانەی ناوچەکەدا دەنگی خۆی بەهێزەوە بەرز بکاتەوە. لە گۆڕانکارییەکانی سووریادا، لە سەرەتادا رۆیشتنی دیکتاتۆر ئاماژەیەکی باش بوو، بەڵام خەمبارم کە یەکێتیی ئەورووپا نەیتوانی زیاتر خۆی بخاتە نێو یارییەکەوە بۆ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی مامەڵەیەکی ئاشتییانە لەگەڵ سووریا، بەتایبەتی لەگەڵ کورد. تەنیا دەتوانم هیوادار بم کە ئەم دۆخە لە هەفتەکانی داهاتوودا بگۆڕێت.
 
رووداو: بەڕێز ئیشینگەر، زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بوویت.
 
وۆڵفگانگ ئیشینگەر: زۆر سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیندزی گراهام (لای راست) و ریچارد بلومێنتڵ.

پڕۆژەیاسای (پاراستنی کورد) پێشکەشی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کرا

هەردوو سیناتۆری ئەمریکا، لیندزی گراهام (کۆماری) و ریچارد بلومێنتڵ (دیموکرات)، پرۆژەیاسایەکی هاوبەشیان بە ناوی (پاراستنی کورد) دایە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا. پرۆژەیاساکە وەک وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).