پەرلەمانتارێکی سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا: کورد ئێمەی لە داعش پاراست، نابێت بەتەنیا جێیانبهێڵین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
 ئادیس ئەحمەدۆڤیچ، گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی فراکسیۆنی SPD لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا (بوندێستاگ)
ئادیس ئەحمەدۆڤیچ، گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی فراکسیۆنی SPD لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا (بوندێستاگ)
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی پارتی سۆسیال دیموکراتەکان (SPD) لە پەرلەمانی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا هەڵوێستی روونیان بە حکومەتی کاتیی سووریا راگەیاندووە کە دەبێت دۆخی کورد لە رۆژئاوای کوردستان باشتر بکرێت و دەشڵێت: "نابێت رێگە بدەین ئایدیۆلۆژیای داعش جارێکی دیکە سەرهەڵبداتەوە، بۆیە لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە کورد بەهێز بکرێت."
 
ئادیس ئەحمەدۆڤیچ، گوتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی فراکسیۆنی SPD لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا (بوندێستاگ)، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کە تایبەت بوو بە دۆخی سووریا، بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوی لە ئەڵمانیا راگەیاند،  کە ئەورووپا کاتێکی زۆری پێچوو تاوەکو ئاوڕ لە دۆخی کورد بداتەوە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئێستا هەڵوێستیان روونە.
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئەڵمانیا گوتی: "لە لیژنەی کاروباری دەرەوە هەموو فراکسیۆنەکان زۆر راشکاو بوون؛ ئێمە بە هێزەوە لە تەنیشت کوردەکان وەستاوین. کار بۆ ئەوە دەکەین کۆڵ نەدەین تاوەکو دۆخی کورد، عەلەوی و ئێزدییەکانی سووریا باشتر دەبێت."
 
سەبارەت بە گرنگیی پاراستنی کورد، ئەحمەدۆڤیچ گوتی: "نابێت رێگە بدرێت ئەو کەسانەی کە پێش زیاتر لە 10 ساڵ لە بەرامبەر تیرۆری داعش بەرگرییان لێکردین و ئێمەیان پاراست، ئێستا لەم دۆخەدا بە تەنیا جێیان بهێڵین." 
 
سەبارەت بە هەنگاوە دیپلۆماسییەکان، بەرپرسەکەی SPD ئاماژەی بە راگەیێندراوێکی چوارقۆڵی کرد لەنێوان ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا و گوتی: "دواجار توانیمان لە شێوازی چوارقۆڵیدا، بەڕوونی هەڵوێست و داواکاری خۆمان بۆ حکومەتی کاتی دەرببڕین کە دەبێت دۆخی کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا باشتر بکرێت." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەڵمانیا دەبێت هاوکاری مرۆیی بەپەلە پێشکەش بکات بۆ رێگریکردن لە کارەساتی مرۆیی لە ناوچەکە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: سڵاوتان لێبێت، من ئێستا لەگەڵ گوتەبێژی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سۆسیال دیموکراتەکانم، بەڕێز ئادیس ئەحمەدۆڤیچ. ئەو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا بوو، کە تێیدا باسی رۆژئاوا و سووریا کرا. دەمەوێت بزانم بە تەواوی ئەڵمانیا چ رۆڵێکی دەبێت و باسی چی کراوە؟ بەڕێز ئەحمەدۆڤیچ، سوپاس کە لەگەڵماندایت. بەڕێزتان ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەتتان هەبوو سەبارەت بە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان. دەتوانیت پێمان بڵێیت بە تەواوی باسی چیتان کرد و ئەڵمانیا دەوێت چ رۆڵێک بگێڕێت بۆ پاراستنی کورد لە رۆژئاوا، لە کاتێکدا کورد بەڕاستی لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و کۆمەڵکوژییان بەرامبەر دەکرێت؟
 
ئادیس ئەحمەدۆڤیچ: پێموایە گرنگە جارێکی دیکە باسی ئەوە بکەین؛ ئێمە وەک ئەورووپاش کاتێکی زۆرمان پێچوو تاوەکو ئاماژە بەو دۆخە بکەین. بێدەنگییەکی زۆر هەبوو سەبارەت بە دەربڕینی هاوسۆزی بۆ کوردی سووریا. بۆیە دەمەوێت زۆر بە روونی بیڵێم: من و فراکسیۆنی SPD کار بۆ ئەوە دەکەین کۆڵ نەدەین تاوەکو دۆخی کورد، هەروەها عەلەوی و ئێزدییەکانی سووریا باشتر دەبێت. چونکە حکومەتی ناوەندی هەوڵدەدات ئەم گرووپە نەتەوەییانە تێکەڵ بکات، بەڵام ئەمە بەس نییە. ئەگەر سەیری دۆخی مەیدانی بکەیت، دەتوانیت و دەبێت باس لە کارەساتێکی مرۆیی بکەیت. هەر بۆیە ئەمڕۆ لە لیژنەی کاروباری دەرەوەدا ئەم بابەتەمان هەبوو و هەموو فراکسیۆنەکان زۆر راشکاو بوون؛ ئێمە بە هێزەوە لە تەنیشت کوردەکان وەستاوین. دەمانەوێت کورد بە تەواوی تێکەڵ بکرێن، بەڵام لە هەمان کاتدا مافەکانیان بپارێزرێت. دەبێت کارەساتە مرۆییەکە نەمێنێت. ئەڵمانیا دەبێت هاوکاری مرۆیی پێشکەش بکات، نەک هەر ئەوە، بەڵکو بەتایبەتی لەگەڵ نزیکترین هاوبەشەکانی وەک بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا. حکومەتی گواستنەوەی سووریا ئەرکێکی زۆر گەورەی لەسەر شانە بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات، هەموو کەمینەکان دەپارێزرێن.
 
رووداو: بەڵام ئێستا خەڵکی رۆژئاوا چاوەڕێ دەکەن ئەڵمانیا رۆڵێکی گرنگی هەبێت و هاوکاری زیاتر پێشکەش بە خەڵکی رۆژئاوا بکات و کورد بپارێزێت. ئێوە پلانتان چییە بۆ پاراستنی کورد لە رۆژئاوا؟
 
ئادیس ئەحمەدۆڤیچ: گرنگە هەمیشە ئەم بابەتە لە کارنامەی کارەکانماندا بهێڵینەوە، چ لە چوارچێوەی ئەورووپا و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. ئەوەی دەمەوێت وەک خاڵێکی ئەرێنی ئاماژەی پێ بکەم، راگەیێندراوی چوارقۆڵیی دوێنێ بوو. دواجار توانیمان لە شێوازی چوارقۆڵیدا، لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا، بەڕوونی هەڵوێست و داواکاری خۆمان بۆ حکومەتی کاتی دەرببڕین کە دەبێت دۆخی کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا باشتر بکرێت. نابێت رێگە بدرێت ئەو کەسانەی کە پێش زیاتر لە 10 ساڵ لە بەرامبەر تیرۆری داعش بەرگرییان لێ کردین و ئێمەیان لەو رێکخراوە تیرۆریستییە پاراست، ئێستا لەم دۆخەدا بە تەنیا جێیان بهێڵین. نابێت رێگە بدەین ئایدیۆلۆژیای داعش جارێکی دیکە سەرهەڵبداتەوە، بۆیە ئەمە لە بەرژەوەندی خۆشماندایە کە کورد لە سووریا بەهێز بکرێن.
 
رووداو: دەمەوێت بزانم، ئێوە لە گفتوگۆدان لە پشتی دەرگە داخراوەکان لەگەڵ سەرۆکی ئێستای حکومەتی سووریا لە دیمەشق؟ هیچ گفتوگۆیەک هەیە؟
 
ئادیس ئەحمەدۆڤیچ: بەڵێ، پەیوەندی دیپلۆماسی هەیە. چەند رۆژێک لەمەوبەر بڕیار بوو سەرۆکی حکومەتی گواستنەوە لە بەرلین پێشوازی لێ بکرێت، بەڵام ئەو دیدارە رووی نەدا. من لە چاوپێکەوتنی پێشوومدا لەگەڵ ئێوە زۆر بە روونی گوتم کە بە گومانەوە سەیری سەرۆکی حکومەتی گواستنەوە دەکەم، چونکە پێموانییە هێندە ئاسان بێت ئایدیۆلۆژیایەک لە شەو و رۆژێکدا فڕێ بدەیت؛ هەموومان دەزانین کە ئەو تیرۆریستێکی چالاکی داعش بووە. بۆیە بە گومانێکی زۆرەوە سەیری دەکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەموو کەناڵە دیپلۆماسییەکان بەکاربهێنین، ئەڵمانیا، ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، بۆ گوشار خستنە سەر حکومەتی سووریا و هەروەها دراوسێکانیشیان، کە ئاگرەکە خۆش دەکەن، بۆ ئەوەی دۆخی کورد باشتر بێت. پێویستە گوشار لەسەر دراوسێکانی سووریاش هەبێت.
 
رووداو: دوایین پرسیارم ئەوەیە، ئێستا ژمارەیەکی زۆری زیندانییانی داعش لە سووریاوە دەگوازرێنەوە عێراق. ئێوە لە ناو کۆبوونەوەکەدا باسی مەترسی سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونی داعشتان کرد؟
 
ئادیس ئەحمەدۆڤیچ: جارێکی دیکە دەیڵێمەوە، سەبارەت بە گواستنەوەی خەڵک لە سووریاوە بۆ عێراق؛ من زۆر سوپاسی عێراق دەکەم کە ئەو بوێرییەیان هەبوو ئەو کارە بکەن. لە هەمان کاتدا پێموایە تەنیا کاتێک دەتوانین ئارام بین کە بزانین هەر تیرۆریستێکی داعش کە لە سووریا لە زیندان بووە، دووبارە لە عێراق دەخرێتە زیندان. نابێت رێگە بدرێت زیندانیانی پێشوو یان ئێستای داعش ئازاد بن، دەبێت لە زیندان بمێننەوە، چونکە ئەوان بێ هۆکار لەوێ نین؛ ئەوان سەر بە ئایدیۆلۆژیایەکی تیرۆریستی و تووندڕۆن. دەبێت دڵنیا بین کە داعش چیدیکە هیچ گوتەیەکی نابێت لەم ناوچەیەدا.
 
رووداو: بەڕێز ئەحمەدۆڤیچ، زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بوویت لە پەرلەمانی فیدراڵ. زۆر سوپاس.

 

ئادیس ئەحمەدۆڤیچ: سوپاس بۆ ئێوەش.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کوردانی قامشلۆ لەنێو سەرمای زستاندا رژاونەتە سەر شەقامەکان

پەرلەمانی سکۆتلەندا داوای پاراستنی کوردی رۆژئاوای کوردستان دەکات

ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی سکۆتلەندا لە ڕێگەی یاداشتێکەوە نیگەرانیی خۆیان لەبارەی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن و داوا دەکەن حکومەتی سکۆتلەندا و بەریتانیا بۆ پاراستنی گیانی کوردی ئەو ناوچەیە هاوئاهەنگی بکەن.