پەرلەمانی هەرێمی بەرلین دۆخی رۆژئاوای کوردستان تاوتوێ دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
ژیان عومەر، ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی هەرێمی بەرلین لە ئەڵمانیا
ژیان عومەر، ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی هەرێمی بەرلین لە ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی بەرلین دەڵێ، سبەی پەرلەمانەکە لەسەر دۆخی کورد و رۆژئاوای کوردستان کۆدەبێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سیاسەتڤانانی کورد دەتوانن داواکارییەکانیان بخەنە بەردەم ئەورووپا، ''ئێمە دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنین و دەنگیان بەرز دەکەینەوە.''
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 28-01-2026، ژیان عومەر، ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی هەرێمی بەرلین لە ئەڵمانیا، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبوار عەلی پیشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و سووریا رایگەیاند، ''لە سەرانسەری ئەورووپا، لە سوێدەوە تاوەکو ئەڵمانیا، پارتە سیاسییە چالاکەکان و سیاسەتڤانانی ئەڵمانی کار دەکەن بۆ ئەوەی هێرشەکانی سەر کورد رابگیرێن''.
 
بەگوتەی ژیان عومەر، سبەی پەرلەمانی هەرێمی بەرلین کۆدەبێتەوە و تەوەری دانیشتنەکە، دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەبێ؛ ''من راپۆرتێکم بۆ پەرلەمان ئامادە کردووە و پێویستە ئەوە بخرێتەڕوو کە چۆن مافی مرۆڤ (لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە) پێشێل دەکرێ''.
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی بەرلین ئاماژەی بە رۆڵی کورد کرد لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان لە تێکشکاندنی داعشدا و گوتی: بۆ پەرلەمانی روون دەکەمەوە کە ئەوانەی شەڕی داعشیان کرد، نەوەک تەنیا خۆیان، بەڵکو هەموو جیهان و ئەورووپایان پاراست، چونکە داعش هەڕەشە بوو بۆ ئەوانیش''.
 
ژیان عومەر دەڵێت، لەکاتێکدا رۆژئاوای کوردستان لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە هێرشی دەکرێتە سەر، ''دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنەکانی بۆ پاڵپشتیی کورد نەبردە سەر، بۆیە پێویستە ئەورووپا لەوبارەوە رۆڵێکی هەبێ.''
 
ئەو پەرلەمانتارەی هەرێمی بەرلین باسی لەوە کرد، زۆربەی خەڵکی ئەڵمانیا و بەگشتی ئەورووپا دۆستی کوردن و پاڵپشتیان دەکەن، ''بۆیە ئێمە وەک پارتی سەوز کە ئۆپۆزیسیۆنە، کار دەکەین دەنگی کورد بگەیەنینە گەلی ئەڵمانیا و بەرلین کە بە چی دۆخێکدا تێدەپەڕن.''
 
ژیان عومەر ئەوەشی خستەڕوو، هاوشێوەی ساڵانی 2014 و 2015 کە کورد دژی داعش شەڕی دەکرد، میدیاکانی ئەڵمانیا باس لە کێشەکانی کورد ناکەن، ''ئەو کاتە بەگشتی میدیاکانی ئەورووپی باسی قارەمانیەتی کورد، پێشمەرگە و رۆژئاوای کوردستانیان دەکرد، بەڵام ئەمرۆ دەبینین دەنگیان بەرز ناکەنەوە. بۆیە هەوڵ دەدەین دەنگی کورد بگەیەنینە خەڵکی ئەورووپا، بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر حکومەتەکانیان.''
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی بەرلین ئاماژەی بە دەربڕینی ئامادەیی دانوستاندن کرد لەلایەن سووریاوە و گوتی: ''پێویستە سیاسەتڤانانی کورد بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ دیمەشق دەکەن، چونکە یەکەم جار نییە کورد دەخەڵەتێنن. هەر کاتێک گوشاریان دەخرێتەسەر، دەڵێن خوازیاری دانوستاندن لەگەڵ کوردن، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو هیوایەیان هەیە کە هێرشیان بکەنە سەر، کاتێک جیهان لێیان بێدەنگ دەبێ.''
 
ژیان عومەر جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی دەکاتەوە و دەڵێت، ''ئێمە ئامادەین و زۆر پەرلەمانتاری کورد هەن لە پەرلەمانی فیدراڵ و پەرلەمانی هەرێمەکان کە پاڵپشتی لە رۆژئاوای کوردستان دەکەن، بەڵام دەمانەوێ سیاسەتڤانانی کوردیش بێنە پێشەوە و داواکارییەکانیان بخەنە بەردەم ئەورووپا. ئێمەش رێگەیان بۆ دەکەینەوە و دەنگیان بەرز دەکەینەوە.''
 
تاوەکو ئێستا کۆمەڵێک پێشێلکاری لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە بەرامبەر کورد کراوە. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی بەرلین ئاماژەی بەوە کرد، ''لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا داوا کراوە لێژنەی مافی مرۆڤ راپۆرتێک لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان ئامادە بکات. چونکە پرسی پەنابەران بۆ حکومەتی ئەڵمانیا گرنگە و کاتێک کەسێک دەگەڕێندرێتەوە وڵاتەکەی، دەبێ ئەو وڵاتە ئارام بێت و مافی مرۆڤ تێیدا پارێزراو بێت.''
 
بەگوتەی ژیان عومەر، ئەگەر راپۆرتەکە لەلایەن لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەربچێت، ''روون دەبێتەوە کە چۆن مافی مرۆڤ لە رۆژائاوای کوردستان پێشێلکراوە و هێرش دەکرێتە سەر کورد. راپۆرتەکە بۆ ئەوەیە کە حکومەتی دیمەشق نەتوانێت دانوستاندن لەگەڵ ئەورووپا بکات.''
 
بەهۆی هێرشەکانی سووپای عەرەبیی سووریاوە بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 06ـی ئەم مانگە و دواتر فراوانبوونی هێرشەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون و پێویستیان بە هاوکارییە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا

راوێژکاری ئەڵمانیا: رژێمی ئێران چەند هەفتەیەکی ماوە

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشدارییەکی تووندی دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران و رایگەیاند، "ئەو رژێمە چەند رۆژێکی ماوە [زۆری نەماوە]." ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشەی دەستوەردانی لە دژی تاران نوێ کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "کات خەریکە تەواو دەبێت."