تیکتۆککەرانی ئەمریکا دەڵێن قەدەخەکردنی ئەپەکە گورزوەشاندنە لە ئابووری

29-04-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن تیکتۆک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تیکتۆککەرەکانی ئەمریکا، یاخود ئەو بەکارهێنەرانەی ڤیدیۆ لە تیکتۆک بڵاودەکەنەوە، باس لەوە دەکەن قەدەخەکردنی ئەپە چینییەکە، گورزێک لە ئابووریی وڵاتەکەیان دەدات. 
 
ئەیمەن شۆدەری یەکێکە لەو تیکتۆککەرانە. ئەو خانمە گەنجە، خولیای خۆی بۆ خوێندنەوە، بەکارهێنا بۆ ئەوەی لە تیکتۆک بژێویێکی پێ پەیدابكات، ئەوەش لە رێگەی بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆ لە بارەی ئەو پەرتووکانەی لە قوتابخانەکانی ناوچە نەریتخوازەکانی ئەمریکا قەدەخە کراون. 
 
ئەو ئەپەی کە بۆ دابینکردنی پاروویێک بۆ خێزانەکەی پشتی پێدەبەست، ئێستا لە بەردەم ئەگەری بەهێزی قەدەخەکردندایە. 
 
ئەو کارسازانەی تیکتۆک بەکاردێنن، قەدەخەکردنەکە سەرکۆنە دەکەن و بە هێرشێک بۆ سەر بژێویانی دادەنێن. 
 
ئەو کچە تەمەن 23 ساڵە، کە دانیشتووی شاری شیکاگۆیە، دەڵێت: "تیکتۆک زۆر گرنگە بۆ بازرگانییە بچووکەکان و بابەتسازەکان؛ کاری فەرمیی منە. زۆر نیگەران دەبم کە دەبینم لە وڵاتێکدا دەژیم بەنیازە قەدەخەی لەم جۆرە پەسند بکات، لەبری ئەوەی سەرنجی لەسەر شتە گرنگەکانی وەک کۆنترۆڵکردنی چەک، تەندروستی و پەروەردە بێت." 
 
یاسایێکی نوێی ئەمریکا نۆ مانگ مۆڵەت دەداتە کۆمپانیای بایتدانس (ByteDance)ـی چینی بۆ ئەوەی ئەپە بەنێوبانگەکەی بفرۆشێت، ئەگەرنا قەدەخە دەکرێت.
 
ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێن، ئەگەر تیکتۆک لە دەستی بایتدانسدا بمێنێتەوە، دەکرێت لەلایەن حکومەتی چینەوە بۆ سیخوڕی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بەکاربهێنرێت. 
 
بیلال رەحمان، دانیشتووی تێکساسە، دەڵێت "هەموو ئەوانەی بەشدارن لە بڕیاردان لەسەر قەدەخەکردن یان نەکردنی ئەم سەکۆیە، خۆیان لە ئاست ئەو کاریگەرییەدا کوێر کردووە، کە لەسەر بازرگانییە بچووکەکان دەیبێت."
 
بیلال لە هەژمارەکەیدا لەسەر تیکتۆک 500 هەزار شوێنکەوتووی هەیە و لەوێوە پڕۆژەکانی بڵاودەکاتەوە، کە تایبەتن بە نەخشی دیوارەکانی نێوەوەی ماڵان. 
 
گەنجە 24 ساڵانەکە دەڵێت "ئەوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تێناگەن و نازانن چۆن کاردەکەن."
 
تیکتۆک بۆ زۆر لە بازرگانییە بچووکەکانی ئەمریکا بووەتە پێداویستییەکی سەرەکی. 
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی ئۆکسفۆرد، ئەپەکە لە ئەمریکا یارمەتیی زیاتر لە حەوت ملیۆن بازرگانیی داوە بۆ ئەوەی گەشە بکەن و، ملیاران دۆلار کۆبکەنەوە، هەروەها 224 هەزار هەلی کاری رەخساندووە. 
 
بیلال دەڵێت "تیکتۆک بووەتە بەشێکی هێندە گەورە لە ئابوورییەکەمان، کە ئەگەر لاببردرێت، کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ملیۆنان کەس دەبێت."
 
شۆدرەی لە سەرەتای ساڵی 2020 لە کاتی داخستنی گشتی بەهۆی پەتای کۆرۆنا، پەنای بردە بەر تیکتۆک بۆ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ لە بارەی خولیاکەی. 
 
شۆدرەی دەڵێت "چەند ڤیدیۆیێکم دروستکردن، درێژ و کورتیشیان تێدابوو، یەکێکیان تەقییەوە."
 
دوای ئەوەی بینەرەکانی زیادبوون، دەرفەتی بۆ رەخسا ریکلام بۆ سپۆنسەرەکان بکات و لەبەرامبەر ئەوەدا پارە وەربگرێت. بۆیە هەژمارەکەی وەک شوێنی کارکردنەکەی لێهات. 
 
بەهۆی ڤیدیۆکانی، خوێنەران بە چڕی روویان لەو پەرتووکانە کرد، کە ئەو سەرنجی دەخستنە سەر. 
 
جازمین ئێنبەرگ، شرۆڤەکاری پێگەی eMarketer پێیوایە، قەدەخەکردنی تیکتۆک لە ئەمریکا، گورزێکی سەخت لەو بازرگانیانە دەدات، کە تازە دەستیان بە کارکردن کردووە. 
 
ئەو خانمە دەڵێت "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وایانکردووە ئاسۆی بازرگانی، بەدیموکراسی بکرێت، تیکتۆکیش گوڕێکی گەورەی بەوەدا. بووەتە سەکۆیەکی گرنگ بۆ زۆر لە بازرگانییە بچووکەکان، بەتایبەتیش ئەوانەی سەرەتایین یان بەرهەمی ناباو دەفرۆشن."
 
"تیکتۆک جیاوازە"
 
ئێنبێرگ بڕوای وایە؛ ئەو شتەی تیکتۆک لە ئەپە رکابەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە؛ ڤیدیۆکانی خێرا بڵاودەبنەوە و لەلایەن بینەرە زۆر چالاکەکانەوە تەماشا دەکرێن. 
 
ئەو دەڵێت "دەرفەتی دۆزینەوەی تۆ لەسەر تیکتۆک، لە هیچ شوێنێک هاوتای نییە، ئەوەش بەشی زۆری بەهۆی لۆگارتیم و بابەتەکانییەوە کە لە جۆری خەندەئامێزن."
 
دامیان رۆلیسن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای SOCi کە تایبەتە بە شیکارە بازرگانییەکان، ئاماژە بەوە دەکات، نەوەیەکی گەنج تیکتۆک وەک بزووێنەرێکی گەڕان بەکاردێنن، هاوشێوەی گەڕان لە گووگڵ. دەشڵێت "بە جۆرێکە وەک ئەوەی بڵێی لە لایەن هاوڕێکانتەوە دروستکرابێت، ئەو شتەت پێدەدات کە بەدوایدا دەگەڕێیت."
 
بەکارهێنەرانی تیکتۆک دەڵێن، ئەگەر قەدەخەبکرێت، هیچ ئەپێکی دیکە ناتوانێت کەلێنەکەی پڕبکاتەوە، لەبەرئەوەی شێوازی کارکردن و بەکارهێنانی ئەپە چینییەکە، جیاوازە.  
 
شۆدەری دەڵێت "بێگومان ئەو هەستەی لە تیکتۆکدا هەیە، جیاوازە لەوەی یوتیووب یان ئینستاگرام. تیکتۆک خەندەی زیاتر و داهێنانکاریی زیاتری تێدایە بەراورد بەوەی لە ئیسنتاگرام هەیە."
 
بیلالیش دەڵێت "خۆشترین شت بۆ من لە تیکتۆک ئەوەیە؛ وەک ئەوە وایە بە فەیستایم تەلەفۆن بۆ هاوڕێکەت بکەیت. لە شتێکی زۆر دانسقە و راستەقینە دەچێت."
 
ئامۆژگاریی رۆڵسن بۆ ئەو بازرگانیانەی پشتیان بە تیکتۆک بەستووە ئەوەیە؛ پلانی خۆیان بۆ ئەگەری قەدەخەکردنەکە ئامادە بکەن و بەردەوام بن لە گرنگیدان بە کورتە ڤیدیۆ. ئەو دەڵێت "ئەو خواستەی لەنێو بەکارهێنەرە گەنجەکاندا هەیە، خواستێکی هێندە بەهێزە، کە بڕوام وایە حەزکردن بەو جۆرە ڤیدیۆیانە وەکو خۆی دەمێنێتەوە، گرنگ نییە ئەنجامەکان چی دەبن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا.

ماکرۆن بەدوای سەرۆکوەزیرانێکی نوێدا دەگەڕێت

دوای ئەوەی پەرلەمانی فەرەنسا متمانەیان لە سەرۆکوەزیران وەرگرتەوە و ئەویش دەستی لەکار کێشایەوە، ئێستا سەرۆکی فەرەنسا بیر لە دەستنیشانکردنی کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە دەکاتەوە.