رووداو - هەولێر
رێکخراوی پەیماننامەی باکووری ئەتڵەسی - ناتۆ هاوپەیمانییەکی سەربازییە؛ ئامانج لێی پاراستنی بەرگری و ئاساییشی 30 ئەندامەکەیەتی لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور.
ناتۆ لە شاری واشنتن دیسی لە نیسانی 1949 دامەزرا، ئەوەش وەکو هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان دژی یەکێتیی سۆڤیەت.
سەرەتا خاوەنی 12 ئەندام بوو. دوایین جار ئەندامێکی وەرگرتبێت ساڵی 2020 بوو کە مەسەدۆنیای باکوور بوو.
پەیماننامەی ناتۆ چەندین بەند لەخۆدەگرێت. بەندی دەیەم دەڵێت، ناتۆ دەرگەی کراوەیە بۆ هەر وڵاتێک کە بیەوێت ببێتە ئەندامی هاووپەیمانییە بەرگرییەکە، بەڵام وەرگرتنی هەر ئەندامێکی نوێ، پێویستی بە سازان و کۆدەنگیی هەموو ئەندامەکانە.
هەر ئەندامێکیش دەکرێت کۆمەڵێک مەرج و داوکاریی دیاریکراو و تایبەتی بۆ وڵاتانی بەربژێر هەبێت، وەک ئەوەی کە لەم کاتەدا تورکیا بەرامبەر بە هەوڵی بەئەندامبوونی سوێد و فینلاند هەیەتی. لە کاتێکدا هەر 29 ئەندامەکەی دیکە رازین و پێشوازیش لەو دوو وڵاتە دەکەن بۆ نێو ناتۆ، تورکیا بە پاساوی پاڵپشتیکردنی ئەو دوو وڵاتە لە پەکەکە، ڤیتۆ بەکاردەهێنێت.
بەڵام هاوپەیمانییەکە بە گشتی ژمارەیەک بنەمای هەیە کە هەر وڵاتێک بیەوێت ببێتە ئەندام، پێویستە رێزیان لێبگرێت و پێیانەوە پابەندبێت، کە ئەمانەن:
یەکەم: رێز لە دیموکراسی بگرێت.
دووەم: رێز لە فرەڕەنگیی کۆمەڵگە و کولتوورەکان بگرێت.
سێیەم: ئابوورییەکی چالاکی هەبێت
چوارەم: هێزی سەربازی لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتێکی سڤیلدا بێت، واتە نابێت حکومەت لە ژێر دەستی دەسەڵاتێکی سەربازییدا بێت.
پێنجەم: رێز لە دراوسێکانی بگرێت و سەروەریی وڵاتانی دیکە پێشێل نەکات.
شەشەم: ئامادە بێت لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ناتۆ هەنگاوبنێت؛ واتە ناتۆ چی بکات، لە کوێ پێویستی بە هێزەکانی ئەو وڵاتە بێت، لە کوێ پێویستی بە شەڕ بێت، دەبێت ئەو وڵاتە ئامادە بێت هێزەکانی بخاتە خزمەتی ناتۆوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ