پەیکەری پاشا و جەنەراڵەکانی جەنگ لە ئەمریکا و ئەوروپا لادەبرێن

30-06-2020
بژار زوبێر @BBashqaly
 لابردنی پەیکەرەکان لەدوای کوژرانی جۆرج فڵۆید، هاووڵاتیی رەشپێستی ئەمریکی لەژێر ئەژنۆی پۆلیسێکی سپیپێست دەستیان پێکرد
لابردنی پەیکەرەکان لەدوای کوژرانی جۆرج فڵۆید، هاووڵاتیی رەشپێستی ئەمریکی لەژێر ئەژنۆی پۆلیسێکی سپیپێست دەستیان پێکرد
نیشانەکردن لابردنی پەیکەر
A+ A-
 
 
 
رووداو دیجیتاڵ

لابردنی پەیکەر و یادگاری سەرکردە مێژووییەکان لە ئەمریکا و ئەوروپا لە ئەنجامی ناڕەزاییەکانی دژی رەگەزپەرستی دەستیپێکردووە. ئەمریکی و ئەوروپییەکان دەڵێن، چیدیکە نابێت شانازی بە سەرکردەیەکەوە بکرێت کە لە بەکۆیلەکردن، داگیرکاری و چەوسانەوەی گەلانی دیکە تێوەگلابێت.
 
پەیکەری شاری هالەی بەلجیکا کە کوڕێکی کۆنگۆیی دەردەکەوێت و قاپێکی میوە پێشکێشی جەنەراڵێکی بەلجیکی دەکات، ماوەی 93 ساڵە دروستکراوە و لە ناوەندی شار دانراوە، بەڵام ئێستا خەڵکی شارەکە دەڵێن، "دەبێت لاببرێت، چونکە گوزارشت لە بەکۆیلەکردنی رەشپێستەکان دەکات".
 
سێ هەفتە لەمەوبەر لە ناوچەیەکی نزیک لەو پەیکەرە پەیکەرێکی پادشا لیۆپۆڵدی بەلجیکی کە تاوانبار بوو بە کوشتنی سەتان هەزار خەڵکی وڵاتی کۆنگۆ، بە بۆیاخی سوور لەسەر دەموچاوی نوسرابوو "بکوژ" و دواتریش پەیکەرە لابرا.
 
ئەندریاس دیڤگۆل، مامۆستای مێژووە لە بەلجیکا و دەڵێت، "لە دەیەی داهاتوودا خەڵک چاوەڕێی ئەوەمان لێدەکات زیاتر جەخت لە کاریگەریی داگیرکاری لەسەر کۆمەڵگەی ئەمڕۆمان بکەینەوە، چونکە داگیرکاری و رەگەزپەرستی پێکەوەبەستراون". 
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆ باس لە گۆڕانی بیرکردنەوەی تاکی ئەم سەردەمە دەکات و دەڵێت، "کێشەی ئەمڕۆمان ئەوەیە کە جۆرێک لە بیرکردنەوەمان دەچێتە قاڵبی رەگەزپەرستیی سەردەمییانەوە و بیر لە ئەنجامی هەبوونی تێڕوانینی داگیرکارانە ناکەینەوە، داگیرکاری تەنیا لەبەر رەگەزپەرستی دروستدەبێت".
 
دوایین پەیکەریش کە لە ئەمریکا لابرابێت پەیکەری کریستۆفەر کۆڵۆمبس بوو کە گەڕیدە و دۆزەرەوەیەکی ئیتاڵی بوو و دۆزینەوەی ئەمریکای دەدرێتە پاڵ، بەڵام لە زووەوە بە داگیرکردنی ئەمریکا و بێبەشکردنی خەڵکە رەسەنەکە لە خاکی خۆیان تۆمەتباردەکرێت. لابردنی پەیکەرەکان بە گشتی ناڕەزایی بەشێک لە خەڵکی ئەمریکا، بەتایبەتییش راستڕەوەکانی لێکەوتەوە. سەرۆکی ئەمریکاش پێیوایە لابردنی هەندێک لە پەیکەرەکان رەوایەتیی هەیە، بەڵام دەبێت بە پڕۆسەیەکی یاسایی ئەو کارە بکرێت و لابردنی هەندێکیان بە کاری تێکدەرانە ناودەبات. 
 
لابردنی پەیکەرەکان لەدوای کوژرانی جۆرج فڵۆید، هاووڵاتیی رەشپێستی ئەمریکی لەژێر ئەژنۆی پۆلیسێکی سپیپێست دەستیان پێکرد، کاتێک خۆپێشاندانەکانی دژی رەگەزپەرستی و تووندوتیژیی هەموو شارەکانی ئەمریکای گرتەوە.
 
تاوەکو ئێستا چەندین پەیکەری سەرۆک، پاشا، جەنەراڵ و کەسایەتییە مێژووییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا کە بەکۆیلەکردنی رەشپێستەکان و داگیرکردنی خاک و چەوساندنەوەی خەڵکی رەسەن تۆمەتباردەکرێن، لابراون. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە