رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ جارێکی دیکە سەلوان مۆمیکا، پەناخوازی عێراقی، دانیشتووی سوێد کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند. سەلوان لە کاتی سووتاندنی قورئانەکەدا خۆی بە "لێهاتوو" ناوهێنا و گوتی، تاوەکو سوێد قورئان قەدەخە دەکات، لەو جۆرە کارانەی بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 31-7-2023، سەلوان مۆمیکا، پەناخوازی عێراقی لە سوێد بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز کرد و کۆپییەکی سووتاند. ئەو هەروەها سووکایەتی بە ئاڵای عێراق کرد و وێنەیەکی گریمانەیی حوسێنی کوڕی عەلی تاڵیب، چوارەم جێنشینی پەیامبەری ئیسلام (د.خ) کرد.
سەلوان مۆمیکا گوتی، "من یاخی و زیرەکم و تاوەکو ئەو کاتەی قورئان لە سوێد قەدەخە دەکرێت، بەردەوام دەبم لە سووتاندنی".
پێشتر پۆلیسی سوێد رایگەیاندبوو، مۆڵەتی سووتاندنی قورئانی داوەتەوە سەلوان مۆمیکا بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لەبەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە بیسووتێنێت، بەڵام سەلوان بێڕێزییەکەی هێندەی دی زیاتر کرد کاتێک بە پەڕە سووتاوەکانی قورئانی پیرۆز جگەرەیەکی داگیرساند.
سەلوان تەمەنی 37 ساڵە و خۆی بە عێراقییەکی لیبراڵ و بێ دین دەناسێنێت. ئەو ئەندامی پارتی دیموکراسییەکانی سوێدە، دەرچووی پەیمانگەی نەینەوایە بۆ گەشتیاری و هۆتێل، بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لەگەڵ برا و کەسە نزیکەکانی پەیوەندی خراپە و لەگەڵ باوکیشیدا ناکۆکە.
سەلوان رۆژی 28ـی حوزەیران و لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
رۆژی 20-7-2023یش لە سوێد لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم هەوڵی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی دا؛ دوای بێڕێزیکردن بە بەشێک لەوانە، نەیسووتاندن و بەردەم باڵیۆزخانەی جێهێشت.
بەپێی بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندنی سوێد، سەلوان مۆمیکا زانیاریی هەڵەی بە دەسەڵاتدارانی سوێد لەبارەی خۆی لە عێراق داوە و بەوانی گوتووە، حکومەتی عێراق ئەوی دەستگیر کردووە و ئەشکەنجەی داوە، بۆیە بە ناچاری بەرەو سوێد هەڵاتووە و داوای مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە کردووە، ئەوەش دوای ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی حەشدی شەعبی، بەتایبەت رەیان کلدانی، بەرپرسی بزووتنەوەی بابلیون کە خاوەنی هێزێکی چەکداریی کریستیانە لەنێو حەشدی شەعبی.
رەفتارەکانی سەلوان مۆمیکا لە سوێد، وڵاتانی زۆرینە موسوڵمانی نیگەران کردووە، بەتایبەت عێراق کە دوای سووتاندنی بەشێکی باڵیۆزخانەی سوێد لەو وڵاتە، باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا دەرکرد و هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەکەی خۆیشی لە ستۆکهۆڵم کشاندەوە.
بەرپرسانی سوێدیش دەڵێن، لەگەڵ بێڕێزیکردن بە کتێبە پیرۆزەکان نین و ئازادی رادەربڕینیش دەپارێزن و بەپیێ یاساکانی ئەو وڵاتە، ئەو کارانە بە مافی تاکەکەسی دەزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ