لە ئەڵمانیا ژن و مێردێکی عێراقی بە ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی بۆ سەر دوو کچی ئێزدی تۆمەتبار دەکرێن

31-12-2024
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

داواکاری گشتیی فیدراڵی ئەڵمانیا  تۆمەتی "بەکۆیلەکردن، ئەشکەنجەدان و تاوانی جەنگ"ـی ئاراستەی ژن و مێردێکی عێراقی کرد، لەسەر ئەوەی دوو کچی ئێزیدییان وەک کۆیلە هێشتووەتەوە و دەستدرێژیی سێکسی و جەستەییان کردووەتە سەریان.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی داواکاریی گشتیی ئەڵمانیا کە رۆژی دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، پیاوەکە ناوی (توانا هـ.س.)ـە و ژنەکەشی ناوی (ئاسیا ر. ئ.)ـە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ دا لە باڤاریا دەستگیرکراون.
 
داواکاریی گشتیی ئەڵمانیا دەڵێت ئەو ژن و مێردە عێراقییە، لە تشرینی یەکەمی 2015 تاوەکو کانوونی یەکەمی 2017 ئەندامی رێکخراوی داعش بوون لە عێراق و سووریا. گومان دەکرێت لە کۆتایی ساڵی 2015ـەوە کچێکی ئێزیدیی تەمەن 5 ساڵیان وەکو کۆیلە هێشتبێتەوە و لە تشرینی یەکەمی 2017ـشەوە کچێکی 12 ساڵەیان راگرتووە.
 
داواکاران دەڵێن؛ پیاوەکە چەندینجار دەستدرێژیی کردووەتە سەر هەردوو کچەکە، ژنەکەش ژوورەکەی ئامادەکردووە و یەکێک لە کچەکانی رازاندووەتەوە. بەگوتەی داواکاران ژن و مێردەکە "تووندوتیژیی جەستەیی زۆر توند"ـیان بەرامبەر کچەکان کردووە، رێگەیان لێگرتوون ئایینی خۆیان پەیڕەو بکەن و ناچاریان کردوون کاری ناوماڵ و چاودێریی منداڵ بکەن.
 
دەگوترێت پیاوەکە جارێکیان بە گسک لە کچە گەورەکەی داوە، ژنەکەش تۆمەتبار دەکرێت بە سووتاندنی دەستی کچە بچووکەکە بە ئاوی گەرم، هەردوو منداڵەکە چەندین جار وەکو سزادان، ناچارکراون نیو کاژێر لەسەر یەک قاچ بوەستن.
 
بەپێی راگەیێندراوی داواکاری گشتی، پێش ئەوەی لە تشرینی دووەمی 2017 سووریا جێبهێڵن، گومانلێکراوەکان کچەکانیان رادەستی ئەندامانی دیکەی داعش کردووە.
 
رۆژی 3-8-2014 داعش هێرشی کردە سەر قەزاى شنگال، بەهۆیەوە 48 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى لەو قەزایە ئاوارە بوون؛ زۆرینەیان پەنایان بردە بەر شارەکانی هەرێمى کوردستان. 
 
رێکخراوی داعش کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە شنگال کرد و هەزاران کوردی ئێزدیشی رفاند.
 
بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، تاوەکو ئێستا 6420 رفێندراو تۆمارکراون، 3570 کەسیش بە دەستپێشخەریی ئەو نووسینگەیە رزگارکراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیدزی گراهامم سیناتۆری کۆمارییەکان

لیندزی گراهام هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئێسقانشکێن بەسەر سووریا دەکات؛ 'ئەگەر وا دەزانن گاڵتە دەکەین، بەردەوام بن"

لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا و یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ترەمپ، هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی حکومەتی نوێی سووریا کرد و رایگەیاند، ئەگەر پێشڕەوییە سەربازییەکانیان بەرەو باکوور و شاری رەققە رانەگرن، رووبەڕووی سزای "ئێسقانشکێن" دەبنەوە.