زێڕ لە 2025ـدا 64٪ بەرزبووەتەوە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەوی چوارشەممە لەکاتی داخرانی بازاڕەکانی جیهاندا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 18.67 دۆلار دابەزی و بە 4322 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەدەستهێنانی قازانج لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە دوای بەرزبوونەوە زۆرەکەی لە هەفتەی رابردوودا، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی زێڕە لە رۆژانی رابردوودا.
 
لە هەرێمی کوردستانیش بەپێی دوایین نرخی سەندیکای زێڕنگران، نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 753 هەزار دینارە.
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 878 هەزار دینارە.
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 920 هەزار دینارە.
 
ئەمە نرخی بەیانیی دوێنێیە کە ئەوکاتە ئۆنسەیەک زێڕ بە 4322 دۆلار بوو.
 
سەرەڕای ئەم دابەزینە، کانزا زەردەکە لەسەر ئاستی ساڵانە بەهێزترین بەرزبوونەوەی خۆی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی رابردوودا تۆمار کرد و لە 2025ـدا 64.60٪ بەرزبووەتەوە. 
 
لە رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2025 کە یەکەمین رۆژی کرانەوەی بازاڕەکانی جیهان بوو لەو ساڵەدا، ئۆنسەیەک زێر بە 2624 دۆلار بوو. بەم پێیە نرخی زێڕ لە 2025ـدا 1698 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە لە کۆتایی مانگی نیسان و دوای بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەپاندنی پێناسە گومرگییە جیهانییەکان دەستیپێکرد و تاوەکو کۆتایی ساڵ بەردەوام بوو.
 
گرژییە بەردەوامەکانی جیهان، کەمکردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا و کڕینی بڕێکی زۆری زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکان و زیادبوونی وەبەرهێنان لە سندووقەکانی وەبەرهێنانی زێڕ، هۆکارەکانی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بوون. 
 
هاوکات کۆنووسی کۆبوونەوەی مانگی کانوونی یەکەمی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا کە رۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرینەی بەرپرسانی بانکەکە پاڵپشتی لە کەمکردنەوەی زیاتری رێژەی سوود دەکەن ئەگەر هەڵاوسان بەردەوام بێت لە دابەزین، هەرچەندە هێشتا رای جیاواز هەیە لەسەر کات و بڕی کەمکردنەوەکە.
 
لەڕووی سیاسی و ئەمنییەوە، زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنەران ماوەتەوە، بەتایبەتی بەهۆی ناڕوونی لە چارەنووسی رێککەوتنی ئاشتی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، نوێبوونەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە