رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ وەزیری نەوت لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا و وەزیری وزەی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە و یەکێک لە مەبەستی کۆبوونەوەکانیش دەستپێکردنەوەی هاوردەکردنی کارەبایە لە تورکیاوە.
ئەمڕۆ هەینی 2ی ئایار، د. عەبدولساحب بزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ وەزیری نەوت لە تورکیا لەگەڵ ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا کۆبووەوە و پرسەکانی تایبەت بە نەوت، گاز و وزە تاوتوێ کراون."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتەکە، "هەر ئەمڕۆ وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەتەوە. لە کۆبوونەوەکاندا یەکێک لەو پرسانەی باسی لێوەکراوە، پرسی دەستپێکردنەوەی هاوردەکردنی کارەبایە لە تورکیاوە بۆ عێراق."
نێوەڕاستی مانگی رابردوو، هاوردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە بۆ عێراق راگیرا. ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رۆژی 28ی مانگی رابردوو بە رووداوی گوت، بەهۆی تەواوبوونی گرێبەستەکەوە هاوردەکردن راگیراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی وەزیری نەوت لە تورکیا ئامانج لێی ئامادەکارییە بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ، بۆ دەستپێکردنەوەی هاوردەکردنی کارەبا لەو وڵاتەوە."
پێش راگیرانی، رۆژانە 300 مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە هاوردەی موسڵ و دەوروبەری دەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ