رووداو دیجیتاڵ
هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، دواخستنی پلانەکانی گەشتکردن و ناڕوونییەکی گەورە؛ جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سێبەرێکی تاریکی بەسەر ئاسۆی گەشتیاریی ناوچەکەدا کێشاوە، کە لە ساڵانی دواییدا ببووە یەکێک لە پەسندترین شوێنەکانی گەشتیاران لە سەرانسەری جیهاندا.
نەزیه رەواشدە، رێبەری گەشتیاری لە نزیک شاری ئیربید لە باکووری ئوردن، بە خەمناکییەوە گوتی: "دواین گرووپی گەشتیاریم پێش سێ رۆژ وڵاتیان جێهێشت، هەموو گرووپەکانی دیکە کە بۆ مانگی ئادار پلانمان بۆ دانابوون، گەشتەکانیان هەڵوەشاندەوە." رەواشدە گوتیشی: "ئێستا سەرەتای وەرزی گەرمیی گەشتیارییە لێرە، ئەمە کارەساتە، لە کاتێکدا ئوردن هیچ کێشەیەکی نییە و بە تەواوەتی ئارامە."
لە سەرانسەری جیهاندا، کۆمپانیا گەشتیارییەکان خەریکی دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ ئەو گەشتیارانەی لە ناوچەکەدا گیریان خواردووە.
لە فەرەنسا ئالان کاپێستان، سەرۆکی کۆمپانیای (Comptoir des Voyages) رایگەیاند، خاڵی لەپێشینەی ئەوان گەڕاندنەوەی گەشتیارانە بۆ وڵاتەکانیان.
کاپێستان دەڵێت، جەنگەکە کاریگەریی لەسەر گەشتەکانی دیکەی جیهانیش هەبووە، چونکە شارەکانی وەک دوبەی، ئەبو زەبی و دەوحە ناوەندی سەرەکیی گۆڕینی گەشت و فڕۆکەخانەکانی جیهانن [ترانزیت].
لە ئەڵمانیا کۆمپانیاکانی (Alltours, Dertour, Schauinsland-Reisen) رایانگەیاند، تێچووی مانەوەی ئەو گەشتیارانە دەگرنە ئەستۆ کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گیریان خواردووە. هەروەها هەموو گەشتەکانیان بۆ ئیمارات و عومان لانیکەم تاوەکو 7ی ئادار هەڵوەشاندووەتەوە.
یەکێتیی گەشتیاریی بەریتانیا (ABTA) رایگەیاند، تاوەکو ئەو کاتەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان هۆشداریی "گەشت مەکە" لانەبات، هیچ گەشتیارێک بۆ ناوچەکە نانێرن.
ئەم جەنگە کەرتی گەشتیاریی پەکخستووە کە ساڵی 2025 گەشەیەکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیبوو. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان:
لە ساڵی 2025دا، نزیكەی 100 ملیۆن گەشتیار سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان کردبوو، کە دەکاتە 7٪ـی کۆی گەشتیارانی جیهان.
ئەم رێژەیە گەشەیەکی 39٪ـی بەراورد بە سەردەمی پێش کۆرۆنا تۆمار کردبوو.
ناوەندی (Oxford Economics) هۆشداریی دەدات، گورزە ئابوورییەکەی ئەمجارە زۆر سەختتر دەبێت، چونکە پشکی گەشتیاری لە بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە و رێژەی هەلی کار تێیدا زۆر زیادی کردووە.
هێلین مەکدێرمۆت، بەڕێوەبەری پێشبینییە جیهانییەکان لەو ناوەندە، رایگەیاند: پێشبینی دەکەین لە ساڵی 2026دا گەشتیاری بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە رێژەی 11٪ بۆ 27٪ دابەزێت. ئەمە بە واتای نەمانی 23 بۆ 38 ملیۆن گەشتیاری نێودەوڵەتی دێت. زیانە داراییەکەش بە 34 بۆ 56 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ