رووداو دیجیتاڵ
پێکهاتە رەسەنەکانی ئێکوادۆر، گیرفانیان بەتاڵە و دڵیان پڕە، ژمارەیان لانی کەم 14 هەزار کەسە، قین لە دڵ و توڕەن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بەربوونەتە گیانی یەکدی.
نرخی خۆراک لە ئێکوادۆر 7.7% بەرزبووەتەوە و لە 18 ملیۆن ژمارەی دانیشتووانەکەی، 6 ملیۆن و 300 هەزار کەس ناتوانن پارووە نانێک بۆخۆیان و خێزانەکانیان دابینبکەن.
کارلۆس پیڵا، خۆپێشاندەرێکە و دەڵێت، "ئەمە شەڕی هەموومانە، شەڕی تەواوی خەڵکی رەسەنە کە دوو هەفتەیە لێرەین لەوەتەی ئەم ئیفلیجییە کاری لە هەموومان کردووە، وەکو دەزانن نرخی سووتەمەنی و هەموو شتێک بەرزبووەتەوە."
کڵاودینا ئیلاکویچا خۆپێشاندەرێکی دیکەیە و گوتی، "لێرە لە ئێکوادۆر مووچەمان کەمە و حکومەتیش نرخی شتومەکی بەرزکردووەتەوە کە ئەم مووچە کەمە بەشی ناکات. ئێمە لێرەین تاوەکو دوا هەناسە و تاوەکو حکومەت بەدەنگمانەوە دێت."
لەبەردەم کۆشکی سەرۆکایەتیی ئێکوادۆر سوپای وڵاتەکە قەڵغانێکی تووندی بەدەوری سەرۆک گویلێرمۆ لاسۆ درووستکردووە. ترس هەیە خەڵک عەرشەکەی بهەژێنن کە ئاسایشی خۆراکی 40%ـی خەڵکەکەی نالەبارە.
خەڵک بەردەوام دەپرسن، بۆچی نرخی خۆراک بەرزبووەتەوە؟ ئاسایشی خۆراک بۆ تێکچووە و بۆچی زنجیرەی دابینکردن پچڕاوە؟
لە رۆژئاوای کوردستان وشکەساڵی هەرەسی بە بەرهەمی جووتیاران هێناوە
خۆڵبارینێکی تۆقێنەر بەسەر زەویێکی وشکهەڵاتوو، مۆڕە لە دانیشتووانی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەکات و وشکەساڵی هەرەسی بە بەرهەمی گەنمی جووتیاران هێناوە، مەڕوماڵاتیش لە دەشتێکی وشکوبرینگدا بەدەوری خۆیاندا دەسوڕێنەوە.
ئەمە واتا، ئەمساڵ موسا فاتمی کە جووتیارێکی حەسەکەیە بە گیرفان بەتاڵی دەمێنێتەوە. ئەو جووتیارە دەڵێت، "بە ملیۆنان زیانمان پێگەیشتووە، ئەو هەموو رووبەرەمان لەبەردەستە و هیچی لێ سەوز نەبوو."
هەڵاوسان لە سووریا بەرێژەی 139% بەرزبووەتەوە. ئامارە فەرمییەکان دەڵێن، نرخی خۆراک بە رێژەی 34% بەرزبووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئاماری نافەرمیی رێژەکە 800%ـیە.
لە ئەسیوپیا 18 مانگە باران نەباریوە
بزن، مانگا و گوێدرێژ، سەرچاوەی بژێوی خەڵکی ئەسیوپیا لە برسا تۆپیون، چونکە رووبەڕووی خراپترین وشکەساڵی بوونەتەوە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو بەهۆی ئەوەی 18 مانگە دڵۆپێک باران نەباریوە.
زەوییە کشتکوكاڵییەکانیان کەڵکی هیچیان نەماوە. عەبدی کابی عەدنان، زەرەرمەندی وشکەساڵییە لە ئەسیوپیا و دەڵێت، "خودایە فریامانکەوە، بارانی سۆز و بەزەییمان بەسەردا ببارێنە."
بەگوێرەی وەزارەتی کشتکوکاڵی ئەمریکا، ئاستی هەڵاوسان لە ئەسیوپیا گەیشتووەتە 33.6% و نرخی خۆراکیش بە رێژەی 89% بەرزبووەتەوە، برسییەتیش کاریگەری لەسەر 20 ملیۆن خەڵکی رۆژهەڵاتی ئەفریقا درووستکردووە.
%55ـی دانیشتووانی یەمەن توانای کڕینی خۆراکیان نەماوە
بنەماڵەی ناسر تاهیر بەدەست برسییەتیێکی دژوار گرفتارن، دوو مانگە تامی گۆشتیان نەکردووە. گۆشت بەلایەک ئەو خێزانە تەنانەت گەنمیشیان پێناکڕدرێ کە 50 کیلۆی بە 80 دۆلارە.
%55ـی خەڵکی یەمەن توانای کڕینی خۆراکیان نەماوە. ناسر تاهیر، نیشتەجێی کامپە لە یەمەن و دەڵێت، "من دەتوانم خۆراک بکڕم دوای ئەوەی قوتوی بەتاڵم کۆکردەوە و فرۆشتم. بەمجۆرە دەتوانم خۆراک بکڕم و بیهێنمەوە ماڵەوە."
بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی فاوی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەریەک لە وڵاتانی ئەسیوپیا، نایجێریا، سوودانی باشوور و یەمەن، 750 هەزار کەس لەبەردەم ئەگەری مردنن لە برسان.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، "دووچاری قەیرانی برسییەتیێکی جیهانی کەموێنە دەبینەوە. شەڕی ئۆکراینا کێشەکانی ئاڵۆزترکردووە کە ساڵانێکە پەرەیسەندووە، هۆکاری دیکە گۆڕانی کەشوهەوا و پەتای کۆرۆنا و بوژانەوەی نایەکسانی قووڵە."
شەڕی ئۆکراینا و رووسیا نرخی خۆراکی لە جیهان 30% بەرزکردەوە
شەڕی ئۆکراینا، ئەو شەڕەی نرخی خۆراکی لە جیهاندا بە رێژەی 30% بەرزکردووەتەوە. 2100 تۆن گەنم لەنێو کۆگەیەکی بە پیتی شاری ئیزمایل لە باشووری رۆژئاوای ئۆکراینا عەمبارکراوە و دەرگەی فرۆشتنی بەسەر داخراوە.
22 ملیۆن تۆن گەنم لە بەندەرەکانی ئۆکراینا گیری خواردووە. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆکراینا 10%ـی گەنمی جیهان دابیندەکات، رووسیاش 17%، هەردووکیان 1/3ـی هەناردەی دانەوێڵەی جیهان پێکدەهێنن، 2/3ـی رۆنی گوڵەبەڕۆژەی جیهانیش پێکدەهێنن.
جۆ بایدن: بەرزبوونەوەی نرخەکان خراپ کار لە ئەمریکا دەکەن
دایک و کچێکی منداڵ، لە سوپەرمارکێتێکن و سەیری بەدیار رەفە بەتاڵەکانی، چونکە شیری منداڵیان دەستناکەوێت. شەڕی ئۆکراینا و پەتای کۆرۆنا کاریگەریی گەورەیان بەسەر زنجیرەی خۆراک لە جیهاندا هەبووە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی نرخەکان بەهۆی پووتینەوە خراپ کار لە ئەمریکا دەکەن، نرخی گاز بەرزبووەتەوە، نرخی سووتەمەنی و خۆراک نیوەی ئەو نرخانە پێکدەهێنن کە لە مانگی ئایارەوە مانگانە بەرزدەبنەوە."
ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتی، "ئەمە دەرهاوێشتەی چەند مانگی رابردوو نییە و بەدیاریکراویش دەرهاوێشتەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەتی رووسیا بۆ پارێزگاریکردن لە دۆنباس نییە."
لە ئەڵمانیا ئاستی هەڵاوسان 7.9% بەرزبووەتەوە کە بەرزترین ئاستە لە ماوەی 50 ساڵی رابردوو، نرخی خۆراکیش بە بەراورد بە ساڵی رابردوو 11.1% بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی ئۆفیسی نیشتیمانیی بۆ ئامارەکانی بەریتانیا، ئاستی هەڵاوسان 9.1% بەرزبووەتەوە، بەرزترینە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوو. نرخی خۆراکیش 8.7% بەرزبووەتەوە، بەرزترینە لە ساڵی 2009وە.
لە ئێران نرخی خۆراک 82% بەرزبووەتەوە
لە تارانی پایەختی ئێران خەڵک دەستیان بە گیرفانەکانیانەوە گرتووە و بە هۆشیارییەوە پارە خەرج دەکەن، چونکە گرفتیان بەدەست سزاکانی ئەمریکاوە هەیە.
لە ئێران نرخی خۆراک 82% بەرزبووەتەوە، ئاستی هەڵاوسانیش گەیشتووەتە 52.5%. محەممەد، خاوەنکارێکە و دەڵێت، "نرخی هەموو کاڵایەک شەش بەرامبەر بەرزبووەتەوە. لەوانەیە نرخی هەندێکیان چوار بەرامبەربێت، بەڵام ئەمڕۆ بێ یان سبەی نرخی ئەو کاڵایانەش شەش بەرامبەر بەرزدەبێتەوە."
لە ئیستەنبووڵ نرخی خۆراک بە رێژەی 90% بەرزبووەتەوە
لە ئیستەنبووڵ ئاستی هەڵاوسان بە رێژەی 64% بەرزبووەتەوە و نرخی خۆراکیش بە رێژەی 90%. ئارتی بویوکورکچو، هاووڵاتییەکی تورکیایە و دەڵێت، "کیلۆیەک گۆشتی لە قیمەدراو بە 150 لیرەبوو، شۆک بووم و هاتمە دەرەوە."
نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 276 ملیۆن کەس بە ئەستەم خۆراکیان دەست دەکەوێت
مرۆڤایەتی دووچاری برسییەتیێک بووەتەوە، هیچ وڵاتێک لێی بەدەرنابێت. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا لە جیهاندا 698 ملیۆن کەس لە هەژاری سەختدا دەژین؛ 49 ملیۆن کەس لە بەردەم قاتوقڕی تونددان؛ 276 ملیۆن خەڵک بە ئەستەم خۆراکیان دەست دەکەوێت.
ئانتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد، "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو، ژمارەی ئەو خەڵکانەی لەسەرتاسەری جیهان خراپ ئاسایشی خۆراکیان شێواوە دوو هێندەی لێهاتووە و بووەتە 276 ملیۆن. مەترسی راستەقینە هەیە دوو هێندەبوونی قاتوقڕی لە 2022 رابگەیێندرێت. 2023 خراپتریش دەبێت."
نەتەوە یەکگرتووەکان کە هۆکاری گرانبوونی نرخی خۆراکی ئاشکراکردووە، چارەسەرەکەشی خستووەتەڕوو و چەند داوایەکیش دەکات:
- ئەو گەنمەی لە ئۆکراینا گیری خواردووە، رێگەی پێبدرێت هەناردە بکرێت و مرۆڤ خۆی لە بەفیڕۆدانی خۆراک بە دووربگرێت.
- ساڵانە 1.26 ملیۆن کەس خواردن بەفیڕۆدەدەن، 50%ـی ئەو خواردنەی بەفیڕۆدەدرێت، برسییەتی لە جیهاندا پێ بنبڕدەکرێت.
- وڵاتان پەرە بە سیستمی بەرهەمهێنان و بەرگەگرتن و کارامەیی بدەن، پەینی کیمیایی پێویست بۆ جووتیاران دابینبکرێت.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمانە چارەسەری کاتین، چارەسەری درێژخایەن رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوایە.
بانکی جیهانی دەڵێت، لە 10 ساڵی داهاتوو گۆڕانی کەشوهەوا 132 ملیۆن کەس دەخاتە ژێر هێڵی هەژارییەوە و تاوەکو ساڵی 2050، 200 ملیۆن کەس لەنێو خۆی وڵاتەکانیان دەربەدەردەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ