بەڕێوەبەری گەنجینەی ئاڕ تی بانک: جیاوازیی دۆلاری شین و سپی بەهۆی تورکیاوەیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرێکی ئاڕ تی بانک دەڵێ، زۆریی مامەڵە لە هەرێمی کوردستان بە دۆلار "ناتەندروستە" و وەرنەگرتنی دۆلاری سپیش ناسەقامگیرییەکە بازاڕ دروستیکردووە.
 
مستەفا فارووق، بەڕێوەبەری گەنجینە و وەبەرهێنان لە ئاڕ تی بانک لەبارەی جیاوازیی نرخی دۆلاری شین و سپی گوتی: "بابەتەکە ئەوەیە لە مانگی 8ـی 2025 لە تورکیا بڕێکی زۆر دۆلاری ساختەی چاپی کۆن، وەک یەکەی 50 و 100 دۆلاری دروست کران. ئەوانیش وەک بانکەکان و بازاڕی دراو، وردە وردە ئەو چاپەی دۆلار [چاپی سپی]ـیان قەدەخەکرد".
 
مستەفا فارووق دەڵێ، ئەو بانکانەی تورکیا کە "لقیان لە عێراق و کوردستان هەیە، کاردانەوەیەکی زۆریان پیشان دا و گوتیان، ئەو چاپەی دۆلار وەرناگرین، چونکە ساختەی تێدا پەیدا بووە".
 
ئێستا بانکی ناوەندیی عێراق هەموو بازاڕ و لایەنەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت دۆلاری سپی وەربگیرێ و هیچ جیاوازییەک لەنێوان هیچ چاپێکی دۆلار نییە.
 
قسەکانی مستەفا فارووق ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح.
 
ئەو بەڕێوەبەرەی ئاڕ تی بانک باس لەوەشدەکات، وڵاتانی دراوسێی عێراق هەموویان دراوی سەرەکیی خۆیان لەنێو وڵاتی خۆیاندا بەکاردەهێنن، بەڵام لە عێراق دۆلار و دینار بوونەتە دوو دراوی سەرەکی.
 
گوتیشی، بانکی ناوەندیی عێراق زۆر هانی ئەوە دەدات مامەڵە بە دۆلار نەکرێ، بۆ نموونە داوا دەکات مامەڵەی خانووبەرە و ئۆتۆمبێل بە دینار بێ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەموو مامەڵەکان بە دۆلارە، ئەوەش "شتێکی تەندروست نییە" لە رووی ئابوورییەوە.
 
مستەفا فارووق دەڵێ، لە عێراق دەستێک هەیە لە پشتی یاساوە کە وا دەکات مامەڵەی گەورە بە دۆلارەوە بکرێ؛ گوتیشی، هێشتا خواستی بازاڕ لە مامەڵەکردن بە دۆلار بەهێزترە وەک خواستی بانکی ناوەندی لە مامەڵەکردن بە دینار.
 
دەشڵێت، بانکی ناوەندیی عێراق کۆدی ژمارەیی [Serial Number]ـی هەموو دۆلارانەی لایە کە هاتوونەتە نێو عێراق. 
 
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، ئێستا بابەتی دۆلار بووەتە بابەتێکی سیاسیی زۆر گەورە و بەپێی وردبینییەکان، زۆرینەی ئەو حەواڵانەی دەکرێن زیاترن بۆ ناوچەکانی ئاسیان. بۆیە ئێستا گومان دەکرێ چەند کۆمپانیایەکی بەناوبانگ ئێرانییەکان لەپشتیەوە بن.
 
مستەفا فارووق دەڵێ: "لە بانکی RT دۆلاری سپی وەردەگرین و حەواڵەشی دەکەین"، بەڵام بازاڕ وەریناگرێت و ئەو ناجێگیرییە بازاڕ دروستیکردووە.
 
رۆژی دووشەممە، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لە رۆژی سێشەممەوە بڕیارێکی نوێ بۆ رێکخستنەوەی جۆری دۆلار لە بازاڕ جێبەجێ دەکرێ و رێژەی دۆلاری سپی لە مامەڵەکاندا بۆ 28٪ کەم دەکرێتەوە.
 
سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر گوتی: "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی بازاڕ، بڕیاردراوە بە جێبەجێکردنی رێژەی نوێی دۆلاری شین و سپی لە کاتی گۆڕینەوەدا لە رۆژی سێشەممەوە [دوێنێوە]. سیستمەکە لە (50٪ شین و 50٪ سپی)ـەوە دەگۆڕێ بۆ (70٪ شین و 28٪ سپی و 2٪یش دۆلاری پەنجایی)."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پاڵاوگەیەکی نەوت. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو: هەناردەی نەوت بۆ ئەمریکا بەرزبووەتەوە

بەپێی داتای وەزارەتی وزەی ئەمریکا، هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا بۆ چەند رۆژێک 149 هەزار بەرمیل زیادیکردووە. بەگوێرەی داتاکە، لە رۆژی 28-11-2025 تاوەکو 7-12-2025، رۆژانە 435 هەزار بەرمیل نەوت لە عێراق و باشووری کوردستانەوە هەناردەی ئەمریکا کراوە. ئەوە لە کاتێكدایە، لە نیوەی مانگی 11دا بڕی هەناردەکراو رۆژانە 378 هەزار بەرمیل بووە