رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ دووەم هەفتەی لەسەر یەک بەرزبووەوە و نزیکبووەتەوە لەو ئاستە پێوانەییەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو تۆماری کردبوو.
لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی ئێستادا 6 دۆلار بەرزبووەوە و بە 4338 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە 4387 دۆلارە.
لە هەرێـمی کوردستانیش، نرخی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
- مسقاڵێک زێری عەیار 18 بە 738 هەزار دینارە.
- مسقاڵێک زێری عەیار 21 بە 862 هەزار دینارە.
- مسقاڵێک زێری عەیار 22 بە 903 هەزار دینارە.
ئەمە نرخی دوێنێی سەندیکای زێڕنگرانە؛ ئەوکاتە ئۆنسەیەک زێڕ بە 4329 دۆلار بوو. بۆیە ئەگەری کەمە ئەمڕۆ لەکاتی کرانەوەی بازاڕی نێوخۆ، نرخی مسقاڵی زێڕ گۆڕانی ئەوتۆی بەسەردا بێت.
کەمبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا لە مانگی رابردوودا لە 3٪ـوە بۆ 2.7٪، پێشبینییەکانی بەردەوامیی کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بەهێزکردووە.
ئێستا بازاڕەکان بە رێژەی 25% پێشبینی دەکەن لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا سوودی بانکی کەم بکرێتەوە، بەڵام بۆ مانگی نیسان گەشبینییەکی تەواو هەیە کە سوودەکە کەم دەکرێتەوە.
جگە لە هۆکارە ئابوورییەکان، گرژییە سیاسییەکانی جیهان جارێکی دیکە زێڕیان وەک "پەناگەیەکی ئارام" بۆ وەبەرهێنەران درەوشاندووەتەوە.
دوای ئەوەی ئەمریکا بڕیاری دا رێگری لە گواستنەوەی نەوتی ڤەنزوێلا بکات بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی تانکەرێکی نەوت، هاوکات لێدوانە نوێیەکانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەبارەت بە داواکارییەکانی لە ئۆکراینا، ترسی لای وەبەرهێنەران دروستکرد و روویان لە کڕینی زێڕ کردووە.
ساڵی 2024 بە یەکێک لە باشترین ساڵەکان بۆ کانزا زەردەکە دادەنرێت؛ لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا نرخی زێڕ 65% بەرزبووەتەوە. ئەمەش بە بەهێزترین گەشەی ساڵانەی زێڕ دادەنرێت لە دوای ساڵی 1979ـەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ