رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سبەی و دووسبەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێ. نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەستیش باس لەوە دەکات:"مانگی داهاتوو مووچە لە رێگەی هەژماری منەوە وەردەگرین".
رۆژی سێشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە (3 و 4ـی کانوونی یەکەمی 2025) مووچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی گرێبەستی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێ."
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی، هەر لەو دوو رۆژەدا مووچەی مانگی ئەیلوول و مانگی ئاداری ساڵی 2025ـی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێ کە لە دوای 1-7-2024ـەوە بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون.
شایستە داراییەکانی مامۆستایانی گرێبەست لەسەر داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێ.
هاوکات عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، زیاتر لە 37 هەزار مامۆستای گرێبەست فۆڕمی "هەژماری من"ـیان پڕکردووەتەوە، بەڵام هێشتا هەژماریان بۆ نەکراوەتەوە، بۆیە سبەی و دوو سبەی لە بانک مووچەیان وەردەگرن و بڕیارە مانگی داهاتوو لە رێگەی "هەژماری من"ـەوە وەریبگرن.
کۆی گشتی ژمارەی مامۆستایانی گرێبەستی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا 42 هەزار و 33 مامۆستایە کە 37 هەزار و 933یان سەر بە وەزارەتی پەروەردە و 4 هەزار و 100یشیان سەر بە خوێندنی باڵان.
خەرجیی مانگانەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست نزیکەی 24 ملیار دینارە. ئەو مامۆستایانەی بڕوانامەی دیپلۆمیان هەیە مووچەیان 400 هەزار دینارە و هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 500 هەزار دینار وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ