بۆ جێگیرکردنی نرخەکان؛ ترەمپ مۆڵەتی فرۆشتنی نەوتی رووسیای دا و سزاکانی بۆ 30 رۆژ هەڵپەسارد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە بڕیارێکی کتوپڕدا، بە شێوەیەکی کاتی سزاکانی سەر بارە نەوتەکانی رووسیای هەڵگرت. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکی بەپەلە دەبینرێت بۆ هێورکردنەوەی بازاڕەکانی وزە و رێگریکردن لە لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی ئێران، کە نرخی نەوتی بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزکردووەتەوە.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتێکی گشتیی دەرکردووە کە رێگە بە رووسیا دەدات نزیكەی 128 ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت، کە ئێستا لە ناو ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەن کە پێشتر لە لایەن ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنرابوو. 
 
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە پۆستێکدا رایگەیاند: "بۆ زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا، وەزارەتی گەنجینە مۆڵەتی کاتی دەداتە وڵاتان تاوەکو ئەو نەوتە رووسییەی لە ناو دەریاکاندا گیرساوەتەوە، بکڕن." 
 
بێسێنت جەختی کردەوە، ئەمە "قەیرانێکی کورتخایەنە و لە درێژخایەندا سوودی زۆر بە ئابووریی ئەمریکا دەگەیەنێت."
 
رۆژی پێنجشەممە 12-03-2026، نرخی نەوتی برێنت بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2022ـەوە بەربەستی 100 دۆلاری تێپەڕاند. پسپۆڕان دەڵێن، بڕیارەی ترەمپ دەبێتە هۆی گەیشتنی ملیارەها دۆلار بە رووسیا؛ تەنیا لە دوو هەفتەی رابردوودا بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، داهاتی رۆژانەی نەوتی رووسیا 150 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە.
 
دیموکراتەکانی ناو کۆنگرێس بە تووندی رەخنەیان لەم بڕیارە گرت و رایانگەیاند، ترەمپ لەرێگەی "شۆکێکی وزە کە خۆی دروستی کردووە،" خەریکە خەزێنەی جەنگیی ڤلادیمیر پوتین پڕ دەکات تاوەکو بەردەوام بێت لە جەنگی ئۆکرانیا.
 
تەنگەی هورمز، کە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، داخراوە. سەرەڕای بەڵێنەکانی ترەمپ بۆ دابینکردنی بیمەی سیاسی و پاراستنی کەشتییەکان، سوپای ئەمریکا تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئاسایشی تەنگەکە بپارێزێت. 
 
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا بە کەناڵی (CNBC)ـی راگەیاند: "هێزی دەریایی ئەمریکا هێشتا ئامادە نییە بۆ یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، چونکە سەرقاڵی تێکشکاندنی توانای هێرشبەریی ئێرانن."
 
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن، رەنگە ئێران و میلیشیاکانیش سوودمەند بن لەم بڕیارە، چونکە زۆربەی ئەو "کەشتییە سێبەرانەی" نەوتی رووسیا دەگوازنەوە، لە لایەن تارانەوە خاوەندارێتی دەکرێن یان بەڕێوەدەبرێن. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) لە راپۆرتێکدا هۆشداری دا، جەنگی ئێستا "گەورەترین پەککەوتنی دابینکردنی وزە لە مێژووی بازاڕی نەوتدا" دروست دەکات.
 
ئەم مۆڵەتە کاتییەی ئەمریکا بۆ فرۆشتنی نەوتی رووسیا تاوەکو 11ـی نیسانی 2026 بەردەوام دەبێت، مەگەر ئەوەی گۆڕانکاریی نوێ لە بەرەکانی جەنگدا رووبدات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق؛ وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو: رۆژانە تاوەکو 600 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کوردستانەوە رەوانە دەکرێت

وەزارەتی نەوتی عێراق دەستپێکردنی رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووکی لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیاند؛ گوتەبێژی وەزارەتەکەش بە رووداوی گوت، بەپێی رێککەوتنێکی نوێ، رۆژانە تاوەکو 600 هەزار بەرمیل نەوت رەوانە دەکرێت.