رووداو دیجیتاڵ
کۆتایی رۆژی هەینی، بازاڕی بۆرسەی ئەمریکا دیسانەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینی، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان و پسپۆڕان هۆشدارییان لەبارەی کاریگەرییە ئابوورییە درێژخایەنەکانی شەڕی ئێران دا. شەڕی ئێران کە کاریگەریی لەسەر بازاڕەکانی ئەمریکا هەیە، 14 رۆژی بەسەردا تێپەڕیوە و دیارنییە کەی کۆتای دێت.
پشکی S&P 500 - کە نوێنەرایەتیی 500 گەورەترین کۆمپانیای ئەمریکا دەکات - وەکو پێوەرێکی تەندروستی بازاڕ سەیردەکرێت، رۆژی هەینی 4% تاوەکو 5% دابەزی، ئەمەش سێ هەفتە دابەزینی یەک لەدوای یەکی بوو. نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە سەروو 100 دۆلارەوە بوو، ئەمەش ترسی زیادکرد کە رەنگە نرخی شتومەک بەگشتی گران ببێت.
نەتەوە یەکگرتووکان رۆژی هەینی هۆشداریی لەبارەی کاریگەریی فراوانتر و درێژخایەتنتری شەڕەکە دا.
ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "لەسەر ئاستی جیهان، تێچووی گواستنەوەی دەریایی بە رێژەی 16% بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو زیادی کردووە، پەککەوتنی رێڕەوە دەریاییەکان دەکرێت گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناوچە پڕ قەیرانەکانی جیهان تاوەکو 6 مانگ دوابخات."
دیسانەوە سەبارەت بە تەنگەی هورمز؛ سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپەوە دەڵێت، ئیدارەی ترەمپ کاریگەریی ئێرانی لەسەر تەنگەی هورمز بە کەم هەژمار کردبوو، کە دەکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ بە داخراوی بمێنێتەوە. رووداو لە گوتەبێژەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پرسی، "ئایا لەناو باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دا هیچ هەڵسەنگاندنێک بۆ کاریگەرییە درێژخایەنەکان لەسەر ئاسایشی وزە و گەشەی ئابووری هەیە؟ ئەم دۆخە تاوەکو چەند دەکرێت خراپ بێت؟"
لە وەڵامدا دووژاریک گوتی، "پێموایە راپۆرتەکەی ئۆنکتاد (UNCTAD) پێشتر هەندێک کاریگەریی زۆر دراماتیکی (جیدی) خستووەتەڕوو. پێموایە زیاتر لە 94% دابەزین لە کەشتیوانیدا هەبووە، لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەیەکی یەکجار زۆری نرخی پەین، کە زۆرجار فەرامۆش دەکرێت بەهۆی ئەوەی ئێمە تیشک دەخەینە سەر نەوت و ئەو نرخە شۆککەرەی نەوت کە ئێستا دەیبینین."
رۆژی هەینی نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە سەروو 100 دۆلارەوە بوو، پێش شەڕەکە نزیکەی 70 دۆلار بوو. پسپۆڕان لە دیارترین ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا، ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە نیویۆرک، رۆژی هەینی هۆشدارییان دا کە رەنگە شەڕی ئێران ببێتە هۆی کەوتنەوەی قەیرانێکی وزەی جیهانیی هێندە گەورە، کە پێشینەیەکی نییە.
لە پێنتاگۆن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا هەوڵی رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی لەبارەی داهاتووی تەنگەی هورمز دا.
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێران هیچ هێزێکی دەریایی نەماوە، مووشەکەکانیان، سەکۆی هاویشتنی مووشەک و درۆنەکانیان تێکشکێندراون یان لە ئاسماندا خراونەتە خوارەوە. قەبارەی مووشەکەکانیان 90% کەمی کردووە و درۆنە هێرشبەرە یەک ئاراستەییەکانیان 95% کەمی کردووە. وەکو ئەوەی جیهان دەیبینێت، ئەوان لە تەنگەی هورمزدا تەنها بێئومێدییەکی رەها نیشان دەدەن. ئەمە شتێکە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، پێشتریش مامەڵەمان لەگەڵ کردووە و پێویست ناکات نیگەرانی بین."
دیارنییە تاوەکو کەی ئیدارەی ترەمپ بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، بەڵام کۆتاییهاتنی شەڕەکە تەنیا بەدەست واشنتن نییە و بەدەست ئێرانیشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ