رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دانە گاز رایگەیاند، هێرشە درۆنییەکەی رۆژی یەکشەممە بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر زیانی بە کارمەندانی کێڵگەکە و بەرهەمهێنانی گاز نەگەیاندووە.
لە راگەیێندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 03-02-2025 بڵاوکراوەتەوە، کۆمپانیا ئیماراتییەکە دەڵێت، "کۆمپانیای دانە گاز دەیەوێت بازاڕ ئاگادار بکاتەوە لەوەی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 2ی شوباتی 2025، ناوچەی کێڵگەی کۆرمۆر رووبەڕووی هێرشێکی درۆنی بووەوە. ئەوە هیچ بریندارێکی لەنێو کارمەندان لێنەکەوتەوە و هیچ زیانی بە شوێنەکانی بەرهەمهێنان نەگەیاند."
دانە گاز ئاماژە بەوە دەکات، بەرهەمهێنانی گاز "بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە، لەژێر رێکاری ئەمنیی تەواو بۆ پاراستنی سەلامەتیی هەموو کارمەندان و سامانەکان."
هەریەک لە کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر دا دەکەن، کە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەتی گاز.
لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی ئەو جۆرە گازەیە کە بە شێوەی سەربەخۆ لە ناخی زەویدایە.
کێڵگەکە لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار کەوتووەتە بەر هێرشی ئەو گرووپە چەکدارە عێراقیانەی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بە دیاریکراوی لەو کاتی هەبوونی ناکۆکی سیاسیی لە نێوان بەغدا و هەولێر.
هێرشەکەی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، چەند کاژێرێکی کەم دوای ئەوە هات کە پەرلەمانی فیدڕالیی عێراق، هەموارێکی یاسای بودجەی پەسندکرد کە رێگە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە دەکاتەوە، کە لە ئاداری 2023ـەوە وەستاوە.
کۆمپانیای دانە گاز دەڵێت: "لە هاوئاهەنگیی بەهێزداین لەگەڵ هەموو دامودەزگە پەیوەندیدار و ئەو هێزە ئەمنییانەی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن بۆ ئەوەی کارکردن بە شێوەیەکی سەلامەت بەردەوام بێت."
دانە گاز و کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پێڕڵ پترۆلیۆم و هاوبەشەکانیان "جەخت لە پابەندبوونی خۆیان بە کارکردنی سەلامەت و متمانەپێکراو لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ بەرهەمهێنانی گاز دەکەنەوە، بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی خاوەن پشکەکان و بەرژوەندیی گەلی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق بپارێزرێن."
هەفتەی رابردوو، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا رایگەیاند، کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە 600 کەس تێیدا کار دەکەن، رۆژانە 530 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەم دەهێنێت و لە ماوەی ساڵێکدا دەیگەیێننە 750 ملیۆن پێ سێجا.
هاوکات عەبدوڵڵا قازی، سەرۆکی کۆمپانیای هیلال لە عێراق کە لە کێڵگەی کۆرمۆر کار دەکات، گوتی، لەگەڵ ئەو بڕە گازە، رۆژانە 16 هەزار بەرمیل مادەی چڕەوەبوو و 1100 تۆن گازی شلیش بەرهەم دەهێنن.
سەرۆکی کۆمپانیای هیلال لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان ئەوەیە بەرهەم بگەیێندرێتە ئاستێک کە کارەبای 24 کاژێری بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات.
عەبدوڵڵا قازی باسی لەوەش کرد، "لەم کاتەدا لە قۆناخی فراوانکردنداین، هیوامان وایە ئەم قۆناخە پێش کۆتایی ئەم ساڵ تەواو بکەین و سەرووی 270 ملیۆن پێ سێجا بۆ تۆڕەکە زیاد بکەین، کە دەبێتە هاندەرێکی زۆر گرنگ بۆ گەیشتن بە ئامانجی کارەبای 24 کاژێری لە هەرێمی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ