رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای شاماران لە راگەیێندراوێکدا ئەمرۆ دووشەممە رایگەیاند، لەلایەن هاوبەش و بەکارخەری کێڵگەکانی ئەترووش و سەرسنگ لە پارێزگای دهۆکەوە ئاگادارکراوەتەوە کە بەرهەمهێنانی نەوتیان بە شێوەیەکی کاتی وەک رێکارێکی خۆپارێزی وەستاندووە.
شاماران دەڵێ، بەهۆی تێکچوونی رەوشی ئەمنی ناوچەکەوە و بە مەبەستی خۆپاراستن بەرهەمهێنانی نەوت وەستاوە و هیچ بەشێک لە کێڵگەکان و سامانەکانی زیانیان بەرنەکەوتووە.
کۆمپانیای شاماران لە کێلگەی ئەترووش خاوەنی 50%ی پشکەکانە و کۆمپانیای ( ئێچ کەی ئێن) 25%ی پشکەکانی بەدەستەوەیەوە. کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن بەکارخەری کێڵگەکە رۆژانە 35 هەزار بەرمیل نەوت لە کێلگەی ئەترووش بەرهەم دەهێنێت.
لەکێلگەی نەوتی سەرسنگ، شاماران خاوەنی 18%ی پشکەکان و ( ئێچ کەی ئێن) خاوەنی 62%ی پشکەکانە. لەو کێڵگەیە رۆژانە 29 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت.
هەر ئەمڕۆ کۆمپانیای گەڵف کێستۆن کە لە کێڵگەی شێخان کاردەکات رایگەیاند، لەبەر رەوشی ئەمنی وەک هەنگاوێک بۆ خۆپارستن، بەرهەمهێنانی نەوتی وەستاندووە.
گەڵف کیستۆن لە کێلگەی شێخان رۆژانە 44 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا.
رۆژی شەممە کۆمپانیای داناگاز بەهەمان شێواز بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لەکێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی راگرت.
داناگاز رۆژانە 750 ملیۆن پێی سێجا گازی سرووشتی لە کێلگەی کۆرمۆر بەرهەمدهێنێت و زۆربەی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ