رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی نرخی نەوت زیاتر لە 1% دابەزی و گەورەترین زیانی هەفتانەی لە کۆتایی مانگی ئادار (مارس)ـەوە تۆمارکرد، ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە بازرگانان و وەبەرهێنەران بە وریاییەوە چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس دەکەن بۆ بڕیاردان لەسەر سیاسەتی بەرهەمهێنانی گرووپەکە بۆ مانگی حوزەیران.
بەرەبەیانیی رۆژی شەممە لەگەڵ داخستنی بازاڕەکان، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 84 سەنت دابەزی و بە 61.29 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش 95 سەنت دابەزی و بە 58.29 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لە ئاستی هەفتانەدا، نرخی نەوتی برێنت زیاتر لە 8% و نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش نزیکەی 7.7% دابەزیون.
سێ سەرچاوە رۆژی هەینی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس بۆ رۆژی شەممە (ئەمڕۆ) پێشخراوە. پێشتر بڕیار بوو رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەکە بکرێت. هۆکاری پێشخستنەکەش روون نەکراوەتەوە.
دوو لە سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەدا کە ئەندامانی گرووپەکە تاوتوێی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن.
لەم نێوەندەدا، بازرگانانی نەوت خۆیان بۆ خستنەڕووی زیاتری نەوت لەلایەن گرووپەکەوە ئامادە کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترسی خاوبوونەوەی ئابووری بەهۆی ئەگەری بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین، شارەزایانی بازاڕی هانداوە تاوەکو پێشبینییەکانیان بۆ گەشەی خواست لەسەر نەوت بۆ ئەم ساڵ کەمبکەنەوە.
سکۆت شێڵتن، پسپۆڕی وزە لە کۆمپانیای یونایتد ئایکاپ (United ICAP) رایگەیاند، "ئێستا ئەم بازاڕە هەموو سەرنجی لەسەر ئۆپێکە و تەنانەت جەنگی پێناسی گومرگیش گرنگییەکەی کەمتر بووەتەوە."
ئاژانسی رۆیتەرز ئەم هەفتەیە بڵاویکردەوە کە بەرپرسانی سعودیە، کە بە سەرکردەی دیفاکتۆی ئۆپێک پڵەس دادەنرێت، هاوپەیمانان و شارەزایانی پیشەسازییەکەیان ئاگادارکردووەتەوە کە ئامادەنین بە کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنان پشتگیری لە بازاڕەکانی نەوت بکەن.
ئۆپێک پڵەس ئێستا زیاتر لە 5 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمتر لە توانای خۆی بەرهەمدەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ