رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە 04-01-2026، لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 124 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 5070 دۆلار.
لە 24 کاژێری رابردوودا هەر ئۆنسەیەک زێڕ 400 دۆلار بەرزبووەتەوە.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە مامەڵەکانی داهاتووشدا بۆ رادەستکردنی لە مانگی نیسان، گەیشتە 5086 دۆلار.
لە هەرێمی کوردستانیش، بەپێی سەندیکای زێڕنگەران، نرخی فرۆشتنی مسقاڵێک زێڕ بەم شێوەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 930 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 85 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک و 136 هەزار دینارە.
ئەمە نرخی ئێوارەی دوێنێیە؛ ئەوکاتە ئۆنسەیەک زێڕ بە 4941 دۆلار بوو.
بەم نرخەی ئێستای ئۆنسە، ئەمڕۆ بە ئەگەری زۆرەوە نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 دەگاتە زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار دینار.
بۆچی بەرزبووەوە؟
ئەم بەرزبوونەوەیە دوای سەرهەڵدانەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران کە وایکرد وەبەرهێنەران روو لە کڕینی زێڕ بکەن.
بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکان، هێزەکانی ئەمریکا درۆنێکی ئێرانییان لە دەریای عەرەبی خستووەتە خوارەوە.
هاوکات بینراوە کە بەلەمی سەربازیی ئێران لە گەرووی هورمز لە کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکا نزیکبوونەتەوە و هەوڵی دەستبەسەرداگرتنیان داوە، بەڵام هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبووە.
ئەم رووداوانە لە کاتێکدان کە بڕیارە رۆژی هەینی هەردوو وڵات لەسەر پرسی ئەتۆمی دەست بە گفتوگۆ بکەن، بەڵام ئاڵۆزییە مەیدانییەکان بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کانزاکان.
کڕینی زێڕ لە ئاستە نزمەکانی رۆژانی رابردووشدا دوای دابەزینە گەورەکەی کۆتایی هەفتەی رابردوو، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە.
هۆکارەکانی بەرزبوونەوە ماون
هەرچەندە زێڕ لە هەفتەی رابردوودا ئاستی مێژوویی 5,600 دۆلاری تۆمارکرد و دواتر بەشێک لە نرخەکەی لەدەستدا، بەڵام هێشتا بەراورد بە سەرەتای ساڵی 2026، نرخەکەی بە رێژەی 15% بەرزبووەتەوە.
بانکی (ئەی ئێن زێت) لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت، "هۆکارە بنەڕەتییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هێشتا وەک خۆیان ماون؛ خواست لەسەری وەک پەناگەیەکی ئارام، کڕینی زێڕی فیزیکی و بەردەوامیی بانکە ناوەندییەکانی جیهان لە کڕینی ئەو کانزا زەردە، وا دەکەن زێڕ لە لوتکەدا بمێنێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ