رووداو دیجیتاڵ
بانکی رافیدەین رەتیدەکاتەوە هیچ قەیرانێکی پارەی نەختینەی هەبێت و دەڵێت، خاوەنی زیاتر لە 8 تریلیۆن دینار یەدەگی یاساییە لە بانکی ناوەندیدا.
رۆژی 3ـی ئایاری 2025، بانکی رافیدەین لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ هیچ قەیرانێکی نەختینەیی یان ترس و دڵەڕاوکێی بانکیی، پێگەی دارایی بانکی رافیدەین بەهێز و تۆکمەیە، لەگەڵ بوونی یەدەگی یاسایی زیاتر لە 8 تریلیۆن دینار کە لە بانکی ناوەندیی عێراق دانراوە. رافیدەین نەختینەی لەبەردەستدایە و وەبەرهێنانەکان مسۆگەرن."
بانکی رافیدەین راشیگەیاندووە، کە بانکەکە "سەروەت و سامانێکی نیشتمانییە، ئێمە دان بەوەدا دەنێین کە ناوبانگی بانک تەنیا بە سەروەت و سامان ناپێورێت، بەڵکو بە قووڵیی پەیوەندی نێوان بانکەکە و کۆمەڵگاکەی دەپێورێت. بانکی رافیدەین متمانەی خۆی لەلای هاووڵاتییان لە سەختترین بارودۆخدا پاراستووە، ئەمڕۆش بەرجەستەی متمانەی دارایی دەوڵەتی عێراقە".
بانکەکە ئاماژە بەوە دەکات، "بەراوردکردنمان لەگەڵ داڕمانی بانکیی وڵاتانی دیکە قبووڵ ناکەین، بەراوردی نێوان بانکی رافیدەین و ئەو بانکانەی لە وڵاتانی دیکە داڕماون، هیچ بابەتییانە نییە. بانکی رافیدەین هیچ قەرزێکی گەورەی لەسەر نییە و لە ژێر چاودێریی راستەوخۆی بانکی ناوەندیی عێراقدا کاردەکات."
بانکی رافیدەین رایدەگەیێنێت، "چاکسازیی ریشەیی و ستراتیژیمان کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی."
بەگوێرەی بانکەکە چاکسازییەکانیان ئەمانەن:
- گرێبەستکردن لەگەڵ EY و K2 Integrity بۆ پەرەپێدانی بانکی.
- پەسندکردنی سیستمی بانکی جیهانیی (ئۆراکل فلێکسکیوب).
- کارپێکردنی سیستمی مۆدێرنی AML و KYC.
- کردنەوەی رێڕەوی نێوەندگیری نێودەوڵەتی وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوە بۆ سیستمی دارایی جیهانی.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە وەزارەتی دارایی عێراق، ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن، حکومەت پارەی هاووڵاتییانی لە بانکەکانی رافیدەین و رەشید راکێشاوە؛ وەزارەتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، هەردوو بانکەکە "لە دۆخێکی دارایی زۆر باشدان."
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە یەکی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەت پارەی کاشی پێویستی لەبەردەست نەبوو، بۆیە بە ناچاری پەنای بۆ پارەی سپاردەی باجەکان بردووە.
29ـی نیسانی 2025 فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بە رووداوی گوت، "عێراق کێشەی دارایی هەیە؛ نرخی نەوت دابەزیوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ