نرخی نەوت بە زیاتر لە 100 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەی بازاڕ، نرخی نەوت دابەزی، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەمریکا یارمەتیی ئەو کەشتییانە دەدات کە لە کەنداو گیریان خواردووە دەربچن.

سەرەڕای ئەوەش، وەستانی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نرخەکانی نەوت زیاتر لە 100 دۆلار مامەڵەیان پێوەبکرێت.
 
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 64 سەنت دابەزی و بە 107 دۆلار و 53 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 84 سەنت دابەزی و بە 101 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تروس سۆشیاڵ رایگەیاند، "بە وڵاتانمان گوتووە یارمەتییان دەدەین کەشتییەکانیان لە تەنگەی هورمز رزگاریان بێت و رێگەی خۆیان بگرنەبەر."
 
نرخەکانی نەوت لە سەرووی 100 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت بەهۆی ئەوەی کە هیچ ئاسۆیەک بۆ رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بەدی ناکرێت.
 
شرۆڤەکارانی سەر بە بانکی ئۆستراڵی نیوزلاندی لەو بارەیەوە لە یاداشتێکدا رایانگەیاند، "دانوستاندنی نێوان ئیران و ئەمریکا چەقی بەستووە، بەهۆی ئەوەی هیچ یەک لە لایەنەکان ئامادە نین پاشەکشە لە هێڵە سوورەکانیان بکەن."
 
دۆناڵد ترەمپ جەخت لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەکاتەوە، بەڵام تاران دەڵێت پرسی ئەتۆمی دوابخرێت بۆ ئەو کاتەی گەمارۆی ئەمریکا کۆتایی پێدێت و جەنگ تەواو دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە