رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ رۆژی دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا بە دابەزین کرایەوە.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.3٪ دابەزی و بە 3354 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. رۆژی هەینی بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار، نرخی زێڕ بەرێژەی 2٪ بەرزبووەوە و گەیشتە سەرووی 3360 دۆلار.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی زۆری نرخی زێڕ لە رۆژی هەینی هەندێ لە بازرگانانی هانداوە رۆژی دووشەممە بۆ کۆکردنەوەی قازانج، دەست بە فرۆشتنی زێڕ بکەن و ئەوەش گوشاری لەسەر نرخی کانزای زەرد لە رۆژی دووشەممە دروستکردووە."
سەرەڕای دابەزینی نرخی زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەگەری پێچەوانەبوونی ئاراستەی نرخی زێڕ لە ئارادایە.
بنەماکانی بازاڕی زێڕ بە بەهێزی ماونەتەوە و نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 3400 دۆلار.
ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا ئاشکرایان کرد مانگی رابردوو 73 هەزار هەلی کاری نوێ رەخساوە کە زۆر کەمتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان.
ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەگەری دابەزینی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بەرزبێتەوە کە بە قازانجی نرخی زێڕ دەشکێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ