رووداو دیجیتاڵ
کەمبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە عێراق بەهۆی رێکاری نوێی گومرگی پێشوەختە و کەمبوونەوەی داهاتی نەوتەوەیە، کە نزیکەی یەک تریلیۆن دینار کورتهێنانی بۆ خەرجی دروستکردووە.
بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر لە هەفتەیەکە بەرەو دابەزین دەچێت، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕدا لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 5ى کانوونى دووەمى 2026 بەهاى 100 دۆلار بەرامبەر بە 145 هەزار دینار بوو.
رووداو لە هەرێمی کوردستان و بەغداوە بەدواداچوونی بۆ هۆکارى ئەو گۆڕانکارییەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کردووە. دوو هۆکاری سەرەکی هەن. یەکێکیان کاتییە و ئەوی دیکەیان ئەگەر هەیە درێژخایەن بێت.
رێکارێکی نوێ پشێوی دروست کردووە
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دینار ئەوەیە رێکارەکانی گومرگی پێشوەختە بۆ هاوردەکردن لە 1ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە بۆ هاوردەکردنی سەرجەم کاڵاکان کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی ئەو رێکارە، دەبێت بازرگانان بۆ سوودوەرگرتن لە دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندی بۆ هاوردنی کاڵاکانیان، لە رێگەی سیستمی ئەسیکوداوە پێشتر گومرگی ئەو کاڵایانە بدەن کە هاوردەی دەکەن.
ئەو دۆخە وای کردووە بەشێک لە بازرگانان، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، نەتوانن ئەو رێکارە بگرنەبەر، ناچاربن دۆلار لە بازاڕدا بکڕن و پەنا نەبەنە بەر کڕینی دۆلار بە نرخی فەرمی کە 1320 دینارە بەرامبەر دۆلارێک؛ ئەوەش خواستی لەسەر دۆلاری بازاڕ زیاتر کردووە.
موزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو گۆڕانکارییەی بەهای دینار کاردانەوەیەکی کاتییە و پەیوەندیدارە بەو رێکارە نوێیانەی لە گومرگی پێشوەختە گیراونەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی داهات و رێکخستنەوەی باج و گومرگ.
رێکاری گومرگی پێشوەختە لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە کەوتە واری جێبەجێکردن، سەرەتا بڕیاردرا تاوەکو ساڵی نوێ تەنیا چوار جۆر کاڵا بگرێتەوە، دواتر بۆ هاوردەکردنی سەرجەم کاڵاکان هەمان رێکار بگیرێتەبەر.
موزهەر محەممەد ساڵح رایگەیاند، ئەو ناجێگیرییەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کێشەیەکی بونیادی نییە و پەیوەندیدارە بە قۆناخێکی کاتی، کە تاوەکو خۆگونجاندن لەگەڵ رێکارە نوێیەکان بەردەوام دەبێت.
گومرگی پێشوەختە وادەکات بازرگانان لەبری رادەستکردنی گومرگ لە دەروازە سنوورییەکان بە کاش، پێشتر رادەست دەکرێت و لەنێو سیستمى ئەسیکۆدا دەیسەلمێنێت پارەى گومرگى داوە تاوەکو کۆدێکى پێبدرێت و لە رێگەیەوە بتوانێت کاڵاکەى لە دەروازە سنوورییەکان دەرباز بکات.
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێکاری گومرگی پێشوەختە لە 1ی کانوونی دووەمەوە دەستی بە جێبەجێکردن کردووە بۆ هەموو کاڵاکان، ئەوە هۆکارێکی دابەزینی بەهای دینارە، چونکە بازرگانان بە تەواوی لەگەڵ ئەو رێکارە رانەهاتوون و جێبەجێیان نەکردووە.
سەروەت جاف گوتی، "پێشتر رۆژ هەبووە هەزار حەواڵەمان کردووە، بەڵام ئێستا دەگاتە 35 حەواڵە، ئەوەش جگە لەوەی پێناسی باجیش دانراوە لەسەر نرخی کاڵاکان، کە هەندێک بازرگانی ناچار کردووە لەبری رێگەی دۆلاری بانکی ناوەندی، پەنا بۆ دۆلاری بازاڕ ببەن."
داهاتی نەوت؛ هۆکارێکی دیکە
پەنابردنی حکومەتى فیدراڵى بۆ گومرگی پێشوەختە بۆ ئەوەیە، داهاتی نانەوتی زیاد بکرێت و بەشێک لەو کورتهێنانەی پێ پڕبکرێتەوە کە لە کەمبوونەوەی داهاتی نەوت دروستبووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، کەمبوونەوەی داهاتی نەوت، کە بە دۆلار بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەهای دینارە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە لە خولی پێشوو ئەندامی لیژنەی دارایی بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو قەیرانەى کەمیى داهاتى نەوت کە ئێستا هەیە، کاریگەریی چەند مانگێک لەمەوبەرە کە ئەو نەوتەی پێشتر فرۆشراوە ئێستا پارەکەی دەگاتە عێراق.
بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە تشرینی دووەمی 2025 بایی 6.5 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە کە بە نرخی فەرمی نزیکەی 8.4 ترلیۆن دینارە، لەکاتێکدا داتاکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ خەرجی دەریخستووە خەرجی مانگانە 9.4 تریلیۆن دینارە، بەوپێیە نزیکەی یەک تریلیۆن دینار کورتهێنان دروست بووە کە داهاتی نانەوتی بەشێکی کەمی لێ پڕ دەکاتەوە.
بەراورد بە تشرینی دووەمی 2023، داهاتی نەوت لە هەمان مانگی 2025 زیاتر لە دوو ملیار دۆلار کەمی کردووە.
مانگی تشرینی دووەمی 2023 نرخی هەر بەرمیلێک نەوت 83 دۆلار بووە و داهاتی نەوت 8.5 ملیار دۆلار بووە، بەڵام نرخی نەوت لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 نزیکەی 62 دۆلار بووە و داهاتی نەوتی عێراقیش 6.5 ملیار دۆلار بووە.
جەمال کۆچەر گوتى، "یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەى دابەزینى بەهاى دینار نەمانی متمانەی هاووڵاتییانە بە دینار بەهۆی ترس لە رووداوی چاوەڕواننەکراو کە پەنا بۆ کڕینى دۆلار دەبەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ